کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سپاسی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کرد

16:16 - 20 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکی تایبەتدا سپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و سکرتێری گشتیی حیزب کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ پاش دەربڕینی پشتگیری و پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکی تایبەتدا پیزانینی خۆی بۆ ئەم هەڵوێست دەربڕی.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

برای بەڕێز کاک مستەفا هیجری

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاوێکی گەرم....


نامەی پیرۆزبایی بەڕێزتان گەییشت کە بەبۆنەی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و سەرکەوتنی ئیرادەی گەلەکەمان ئاراستەی ئێمەتان کردبوو، زۆر سپاستان دەکەم. پێزانینم هەیە بۆ هەڵوێست و پشتگیریی ئێوە لە داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.

گەلی کوردستان دوای قوربانیدانێکی زۆر و ئەزموونی تاڵ رێگەی خۆی هەڵبژاردووە و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و هیچ هێز و گووشارێک ناتوانێ ڕێگر بێت لە بەردەم ئیرادەی ئاشتییانە و شەرعیی گەلی کوردستان.

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

مەسعود بارزانی

٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧