کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاح ئەحمەدی راد: لە ئێراندا سەرچاوەکانی ئاو تاڵان دەکرێن، ئەوەش لە ڕووی نەزانی، نەفامی و بێ مودیریەتییه و بڕوایان بە زانست نیە

18:53 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کێشەی ئاو لە ئێستای جیهان و بە تایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پێی ناوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و بەرپرسانی دەوڵەتانی ناوچەکەش وەک پرسێکی ڕۆشنبیری چاو لە کێشەی ئاو دەکەن. لە کاتێکدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کێشەی بێئاوی لەو ناوچەیەدا دیسانەوە هۆشداری داوە. دیسانەوەش ئەوە لە کاتێکدایه لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تاڵان و دزیی ئاو دەکەن.

لەو بارەیەوە وتووێژێکمان لەگەڵ "سەلاح ئەحمەدی راد"، بەڕێوەبەری کاروباری سەرچاوە ئاوییەکانی پیرانشار پێکهیناوە.

وتووێژ: جەماڵ رەسووڵ دنخه

دەقی وتووێژەکە:

بۆ قەیرانیترنەبوونی دۆخی ئاو لە  ئێراندا دەبێ ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لەبەشی وەرزێڕیدا بگاتە چ ئاستێک؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێران وڵاتێکی وشک و نیوە وشکە و وەکوو وڵاتانی ئورووپایی نییە کە بەفر و بارانێکی زۆری لێ ببارێت، باران لە ئاستی گشتیی ئێراندا بە شێوەی نێونجی کەمیتر لە ٢٥٠ میلی میتر دەبارێت. تەنیا لە هەندێک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو سەردەشت و پیرانشار ٧٠٠ میلی میتر دەبارێت، بەڵام لە شارەکانی ناوەندی ئێران وەک یەزد کەمتر لە ٥٠ میلی میتر دەبارێت. بۆیە بەو پێیە ئێران ولاتێکی گونجاو بۆ کەشاوەرزییەکی زۆر بەربڵاو و پەرەپێدراو نییه. ئێران وڵاتێکی وشک و نیوە وشکە، بۆیه کوتان لە تەپڵی ئەوەی کە ئێمە دەمانهەوێت خۆبەڕیوەبەر بین و دەمانهەوێت هەموو بەرهەمێکی بۆ خۆمان بەرهەم بێنین بۆ حەشیمەتێکی ٨٠ میلیۆنی، سیاسەتێکی هەڵە و شکست خواردوویە کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە ئەو کارەی پێڕەو کردووە و چوونکە لەگەڵ جیهان دوژمنە  دەڵیت دەبێ هەموو شتێک بۆ خۆم بەرهەمی بێنم، بەڵام تۆیەک کە ئەو پوتانسیەلەت نییه و ناتوانی ئەو کارە بکەی؛ هەروەها تۆ وڵاتێکی وشک و کەویری و بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کە لە هەندێک شوێنی ئێران سەرووی ٥٠٠  هەتا ٦٠٠ میلی میتر باران ببارێت. جا بۆیە واقعیەتی ئەم مەسەلەیە کە دەڵێن دەبێ "به زیر چه عددی برسد"، نازانم مەبەست چیه؟ بە رای من لە گشت ئێراندا دەبێ کەشاوەرزی لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا کار بکات و واز لەو قسەیە بهێنرێت کە من دەمهەوێ خۆبەڕێوەبەر بم.

هەڵینجانی ئاوە ژێرزەوینییەکان، هەڵنەمیستنی ئاو لە خۆڵدا و بارینی بە خوڕ چ پشێکی لە پەرەپێدانی قەیرانی ئاو لە داهاتووی ئێراندا هەیە؟ پێگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بواری ئاو لە کاتی ئێستادا چۆنه؟

لە ئێرندا زۆبەی هەرە زۆری لە ئاوە ژێرزەییەکان کەڵک وەردەگیردرێت،  ئەوەش لە کاتێکدایه کە باران و بەفر لە ئێراندا کەم دەبارێت. هەروەها سفرە ئاوییە ژێرزەوییەکان لە زۆربەی دەشتەکانی ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێکی قەیرانی. ئێمە لە جیهاندا نیمانە کە ولاتێک وەک ئێران ئاوا بە چڕی کەڵک لە سەرچاوە ئاوییەکانی خۆی وەربگرێت. بۆیە لە ئێراندا سەرچاوەکانی ئاو تاڵان دەکرێن، ئەوەش لە ڕووی نەزانی، نەفامیی و بێ مودیریەتییه، بڕوایان بە زانست نیە. پێیان وایە بە نوێژەبارانە و دوعاکردن جێبەجێ دەبێت ئەوەش لە کاتێک دایە کە ئەوە پرسێکی زانستییە. هەزارن و میلیۆن‌ها ساڵ تێپەڕیوە کە ئاوەکانی ژێرزەوی بگەنە ئەو جێگایە کە بتوانرێت کەڵکیان لێ وەربگیردرێت، بەڵام بەرپرسانی ئیران لە ماوەی ٣٠ هەتا  ٤٠  ساڵدا هەموویان خاڵی کرد؟! ئەویش تەنیا بەو روانگەیە کە دەمانهەوێ خۆبەڕێوەبەر بین و سەر بە کەس نەبین. بەڵام ئیستا ئەو بەرنامەیە شکستی خواردووە. شایەد هەندێک وڵات وەک ئامریکا کە قاڕڕەیە بتوانێت لە گۆشەیەک وەرزێڕی بکات لە شوێنێکی دیکە پیشەسازی بکات و لە ئاکامدا باس لە خۆبەڕێوەبردن بکات. بەڵام لە ئێراندا ئەوە جواب ناداتەوە. هەڵکێشانی ئاوە ژێرزەوییەکان قەیرانێکی زۆر گەورە لە ئاستی ئێراندایە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە هۆی شاخاویبوونی ناوچەکە، سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکان زۆر بەهێز نییه بۆیە زۆرێش قەیرانی نییە؛ بەڵکوو ئەو قەیرانە لە دەشتەکانی وەڕامین، تاران، هەمەدان و تەنانەت لە پیرانشار تا رادەیەک کێشەی ئاوی ژێر زەوی هەیە بەڵام زۆر بچووکتره. بۆیە بە گشتی لە کوردستان کێشەی ئاوی ژێرزەوی زۆر قەیرانی نییه. هەر چەند ئەو کێشەیە لە بیجاڕ و قوڕوه هەیە بەڵام بە گشتی لە کوردستان بە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی بارین‌بارینی زیاترە و کەشاوەرزی زۆر پەرەی نەگرتووە ئەو کێشەیە زۆر خۆی نەنواندووە.

 کوردستان میدیا: سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە بواری ئاو و بەنداوسازیدا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا، دوو بوار لەخۆوە دەگرێت؛

یەکەم: ئەوەی کە راستی بێت زانستی لە پشت نییه، مەسەلەکە زیاتر سیاسی بازی، باندبازی، ڕانت خۆرییە، مافیایەکە کە کاسبی دەکات و شوغڵ ساز دەکات و پارە پەیدا دەکات و بە نێوی قەیرانی ئاو کەڵکاژۆ لە کوردستان دەکات. بۆ نموونە و لە نموونەیەکی گشتیدا لە شاری پیرانشار و سەردەشت لە ناوچەیەک زۆر بەرتەسکدا ٧ بەنداوی ساز کراوە کە هیچ عەقڵێکی سەلیم ئەوە قەبووڵ ناکات.

دووهەم: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە چاوی تاڵان سەیری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی کە زیاترین ڕێژەی بەهرەبەرداری لە ئاو بکەن، لانیزۆری بەهرەبەرداری بکەن و دواتر بیگوازنەوە بۆ ناوەندی ئێران؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە باس لەوە دەکەن ئامانجی ئێمە ئەوە نییه ئاوەکانی کوردستان راگوازین بەڵام دەقیقەن ئامانج ئەوەیە و گۆلی ورمێش تەنیا بیانوویەکە بۆ کارەکانیان دەنا ئەو ئاوە شیرینە ناگاتە گۆلی ورمێ؛  ئەو ئاوانە حەتمەن بۆ شارەکانی تەورێز رادەگوازرێن. هەر ئێستا لە بۆکانیش ئەو پرۆژەیە هەڵوەشاتەوە و ئاوەکان رادەگوازنه شوێنێکی دیکە. ڕاستییەکەت بوێ بەنداوسازی لە کوردستاندا زۆر، زۆر ناستاندارده و هیچ مەنتقی تێدا نیه، شایەد تەنیا ٣ بەنداوی "چەپەراوێ، گردەبن و سێڵوێ" لە ناوچەی شنۆ و پیرانشاردا پێویست بێت، ئەویش ئەگەر لە واقعیەتەکەی بپرسین دیسانیش پێویست نیه. بەڵام باقی بەنداوەکان شتێکی ئیزافەیە و ژینگەی ئەو ناوچەکە ش دەخەنە مەترسییەوە. دەبنه هۆی ئەوەیکە ناوچەکە تووشی کێشە بێت، بۆ نموونە شاری پیرانشار خۆی لە سەر گوسەلێکی گەورە هەڵکەوتووە و ئەو گوسەلەش قەڵشێکی گەورەیە کە لە کوێستانەکانی نێوان شنۆ و پیرانشاردا لە گوندی ماشکان دروست بووه و لەژێر شاری پیرانشاردا بۆ سەردەشت ڕۆیشتووه و  لە ئاکامدا دەگاتەوە کوردستانی باشوور کە دروستکردنی ئەو بەنداوانە لە سەر ئەو گوسەلانە و قورسایی دیواری بەنداوەکان له ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە خۆی مەترسییەکی جیددیه بۆ سەر ناوچەکە و خەڵکەکە.