کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاح ئەحمەدی‌ڕاد: لە ئێراندا سەرچاوەکانی ئاو تاڵان دەکرێن و بە چاوی تاڵانەوە سەیری کوردستان دەکەن

18:49 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "سەلاح ئەحمەدی‌ڕاد"، بەڕێوەبەری کاروباری سەرچاوە ئاوییەکانی پیرانشار لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە کە ئێران وڵاتێکی وشک و نیوە وشکە، بۆیه کوتان لە تەپڵی ئەوەیکە ئێمە دەمانهەوێت خۆبەڕێوەبەر بین و دەمانهەوێت هەموو بەرهەمێکی بۆ خۆمان بەرهەم بێنین بۆ حەشیمەتێکی ٨٠ میلیۆنی، سیاسەتێکی هەڵە و شکست خواردوویە کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە ئەو کارەی پێڕەو کردووە.

"سەلاح ئەحمەدی‌ڕاد"، بەڕێوەبەری کاروباری سەرچاوە ئاوییەکانی پیرانشار لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەبارەی کێشەی ئاو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا باسی لەوە کردووە کە ئێران وڵاتێکی وشک و نیوەوشکە و وەک وڵاتانی ئورووپایی نییە کە بەفر و بارانێکی زۆری لێ ببارێت، بۆیه کوتان لە تەپڵی ئەوەیکە ئێمە دەمانهەوێت خۆبەڕێوەبەر بین و دەمانهەوێت هەموو بەرهەمێک بۆ خۆمان بەرهەم بێنین بۆ حەشیمەتێکی ٨٠ میلیۆنی، سیاسەتێکی هەڵە و شکست‌خواردوویە. کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە ئەو کارەی پێڕەو کردووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ جیهان دوژمنە و دەڵێت دەبێ هەموو شتێک بۆ خۆم بەرهەمی بێنم.

ئەحمەدی‌ڕاد لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە، لە ئێرندا لە زۆربەی هەرە زۆری ئاوە ژێرزەوییەکان کەڵک وەردەگیردرێت، ئەوەش لە کاتێکدایه کە باران و بەفر لە ئێراندا کەم دەبارێت. هەروەها سفرەی ئاوە ژێرزەوییەکان لە زۆربەی دەشتەکانی ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێکی قەیراناوی. ئێمە لە جیهاندا نیمانە کە وڵاتێک وەک ئێران ئاوا بە چڕی کەڵک لە سەرچاوە ئاوییەکانی خۆی وەربگرێت. بۆیە لە ئێراندا سەرچاوەکانی ئاو تاڵان دەکرێن، ئەوەش لە ڕووی نەزانی، نەفامیی و بێ مودیریەتییه. بڕوایان بە زانست نییە. پێیان وایە بە نوێژەبارانە و دوعاکردن جێبەجێ دەبێت ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاو پرسێکی زانستییە. هەزاران و میلیۆن‌ها ساڵ تێپەڕیوە کە ئاوەکانی ژێرزەوی بگەنە ئەو جێگایە کە بتوانی کەڵکیان لێ وەربگری بەڵام بەرپرسانی ئێران لە ماوەی ٣٠ هەتا ٤٠ ساڵ هەموویان خاڵی کرد ئەویش تەنیا بەو روانگەیە کە دەمانهەوێ خۆبەڕێوەبەر بین و سەر بە کەس نەبین.

ناوبراو لەبارەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە بواری ئاو و بەنداوسازیدا باسی لەوە کردووە کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا، دوو بوار لەخۆدەگرێت؛ یەکەم: ئەوەی راستی بێت زانستی لە پشت نییه، مەسەلەکە زیاتر سیاسی بازی، باندبازی، ڕانت خۆرییە، مافیایەکە کە کاسبی دەکات شوغڵ ساز دەکات و پارە پەیدا دەکات.

دووهەم: بە چاوی تاڵان سەیری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەیکە زیاترین ڕێژەی بەهرەبەرداری لە ئاو بکەن، لانی‌زۆری بەهرەبەرداری بکەن و دواتر بیگوازنەوە بۆ ناوەندی ئێران؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە باس لەوە دەکەن ئامانجی ئێمە ئەوە نییه ئاوەکانی کوردستان راگوازین، بەڵام دەقیقەن ئامانجوکو ئەمەیە .