کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شار مێحوەری ڕاسان

01:04 - 1 بانەمەڕ 2717

ئیدریس ئەحمەدی

بە بەراورد لە گەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان، ڕۆژهەڵات — کە بە پێی پانتایی جوگرافی و حەشیمەت، دووهەمین بەشی کوردستانە— لە دوو دەیەیی ڕابردوودا تووشی نسکۆ هاتبوو. لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕاسان ئەو دۆخەی گۆڕی.

ڕاسان نەک تەنیا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی بووژاندەوە، بەڵکوو سەلماندی کە دانانی خەباتی چەکدارانە و تێکۆشانی مەدەنی لە بەرانبەر یەکتردا، کارێکی چەوتە. چەند ساڵێک بوو، زۆر لایەن سەرقاڵی باسێکی بێهوودە بوون سەبارەت بەوەی ئایا بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵات، خەباتی چەکدارانە بەرپابکاتەوە یان تێکۆشانی مەدەنی بکا. لە ڕاساندا، ئامادەبوونی پێشمەرگە لە نێو خەڵک و خەباتی شار، تەواوکەری یەکتر دەبن.

خاڵی دەسپێکی ڕاسان، لە ڕووی تیۆرییەوە، دانپێدانانە بە دەوری هێز وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە لە سیاسەتدا. ئەم بۆچوونە واقعبین یان ریالیستانە دەبێ لە بەر تیشکی بەستێنی سیاسی پاش شەڕی سارد و زاڵبوونی فکری لیبراڵی لێک بدرێتەوە. بیرمەندانی لیبراڵیزم، هەروەها حیزبە لیبراڵ و سۆسیال‌دێموکراتەکانی ئەمریکا و ئورووپا خۆشبین بوون بەوەی کە پاش کۆتایهاتنی شەڕی سارد، هێز لە سیاسەتدا یەکلاکەرەوە نەبێ، بەڵکوو دیالۆگ، دیپلۆماسی و دامەزراوەی دێموکراتیک لە ئاست نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا جێگای هێزی نیزامی بگرنەوە. بۆ نموونە، یەکیەتی ئورووپا لە سەر بنەمای ئەو فکرە لیبڕاڵە دامەزرا.

بە سەرنجدان بە بڵاوکراوەکانی حیزبی دێموکرات، دەبینین ئەو حیزبە لە ساڵەکانی نەوەد بەدواوە، ئەو جۆرە خۆشبینییەی لا دروست ببو. بەڵام هەروەک چۆن لە ڕۆژئاوادا ئەو خۆشبینییە هاتووەتە ژێر پرسیار — ئەویش پاش درێژەکێشان و ئاڵۆزبوونی کێشە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت گەڕانەوەی ڕووسییە وەک زلهێزێک کە هێزی نیزامی بۆ ئامانجە جێوسیاسییەکانی بە بەربڵاوی بەکار دەبا— سرووشتییە حیزبی دێموکراتیش پێداچوونەوە بەو مەسەلەیەدا بکا. بەرپابوونی ڕاسان، بە مانایەک، کۆتایی هاتنی قۆناغی خۆشباوەڕیی دوو دەیەی ڕابردووی حیزبی دێموکراتە. بەدەر لەو ڕەوتە جیهانییە و باندۆڕی وی لەسەر حیزبی دێموکرات، هۆی کۆتایی هاتنی ئەو قۆناغە لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا، زۆر سانایە. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ڕەگەزپەرەست، تایفەگەرا، چەوسێنەر، تیرۆریستپەروەر ماوەتەوە و بگرە دڕندەتر و بەهێزتریش بووە لە ماوەی ئەو ٣٨ ساڵەی ڕابردوودا.

هەڵبەت کۆتایی هاتنی ئەو قۆناغە لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا، بە واتای واز هێنانی ئەو حیزبە نییە لە بەهاگەلێک وەک مافی مرۆڤ و دێموکراسی؛ بەڵکوو، بە واتای دەرک کردنی دەوری ناوەندیی هێزە لە سیاسەتدا. ئامانجی سەرکردایەتی دێموکرات بەهێزکردنەوەی حیزبەکەیانە بۆ ئەوەی وەکوو چەند دەیەی ڕابردوو، دەوری ئەکتەرێکی بەهێزی جێوسیاسی لە کوردستان و ئێران و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا ببینێ.

هەروەها لە جێی خۆیدایە ئاماژە بەوە بدرێ کە حیزبی دێموکرات پێناسەیەکی بەرینتری لە هێز هەیە لەوەی کە لە تیۆری ڕیالیستیدا باوە. ڕیالیستەکان هێز وەک دیاردەیەکی ماددیی چاو لێ دەکەن و ڕایان وایە کە لە بنەڕەتدا بریتییە لە فاکتەری ئابووری، جوگرافی، ژماری دانیشتوانی وڵاتێک و بە تایبەت توانایی نیزامی ئەکتەرێکی سیاسی.

لە ڕاساندا، هێزی بزووتنەوەی کورد هەم ماددیی و هەمیش غەیرە ماددییە، یان با بڵێین مەعنەویشە. لە پێش هەموو شتێکدا، ڕەوا بوونی مەسەلەی کورد، بۆ خۆی سەرچاوەی هێزە. ئەگەر مەسەلەی کورد ڕەوا نەبا، نە پێشمەرگە و نە خەڵکی مەدەنیی کوردستان ئامادە نەدەبوون گیانی خۆیانی بۆ فیدا بکەن؛ بێ‌گومان، دونیای دەرەوەش گوێی بە داخوازییەکانی بزووتنەوەی کورد نەدەدا. ئەو خەباتە ئەگەر ڕەوا نەبا، ئەو هەموو ساڵە بەردەوامییەی بە خۆیەوە نەدەبینی. جێگای ئاماژەیە کە حیزبی دێموکرات، دوو تەمەنی کۆماری ئیسلامیی هەیە. لە لایەکی دیکەوە، ئێران بەردەوام سیاسەتی نکۆڵی کردن و داپڵۆساندنی لە هەمبەر گەلی کورد گرتووەتە پێش. ئەمەش ناڕەوابوونی سیاسەتی دەوڵەتی ئێران دەسەلمێنێ، چوونکە ئەگەر وا نەبا، پێویستی بە بەکاربردنی ئەو هەموو زەبروزەنگە نەدەکرد.

دووهەم، بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵات، هێزی پێشمەرگەی هەیە. پێشمەرگە هێزێکە کە لە پێناو مەسەلەیەکی ڕەوادا، دژوارترین شێوەی ژیان تەحەمول دەکا و ئامادەیە گیانی خۆی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیەکی زوڵملێکراو بەخت بکا. ڕەوابوونی مەسەلەی کورد سەرچاوەیەکی بەهێزی ئەخلاقی و سیاسییە کە ئەوەندە ورەبەخشە، دەتوانێ قەرەبووی نەبوونی هێزی نیزامی هاوتای دەوڵەتی ئێران بکاتەوە — واتە، ئەو سەدان هەزار سەربازە، یان چەکی قورس و هێزی هەواییەی کە لە دەستیدایە.

سێهەم، بزووتنەوەی کورد خاوەنی هێزی جەماوەرییە. وێڕای پێشمەرگە، جەماوەر گرنگترین سەرچاوەی هێزی بزووتنەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵات. ئەو هێزە کاتێک شوێندانەر دەبێ کە خەڵکی کوردستان بە گوێرەی هۆشیاری و بەرژەوەندیی نەتەوایەتی بجوڵێنەوە. ڕاسان ئامانجی زیندوڕاگرتن و پەرەپێدانی هۆشیاریی نەتەوایەتییە. یەکێک لە پێشمەرجەکانی سەرکەوتنی خەباتی جەماوەری، کە ئەویش بە نۆرەی خۆی دەبێ وەک پرۆسەیەک چاوی لێ بکرێ، دەرک کردنی سرووشتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامییە و لە درێژەی ئەو دەرکەدا، لەقاودان و ڕاوەستانە لە بەرانبەر سیاسەتە دزێوەکانی ئەو ڕێژیمەدا.

بە پێچەوانەی زۆر قۆناغی دیکەی خەبات لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا، ڕاسان چاوەڕوانی هەڵکەوتنی دەرفەتی لەبار نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکی دەسپێشخەرانەیە بۆ خولقاندنی دەرفەت. دەکرا ڕاسان پێشتر بەرپا کرابا، بەڵام کۆمەڵێک فاکتەری دەروون ڕێکخراوەیی و جێوسیاسی وایان کرد بەرپابوونی ڕاسان، تاکوو ٢٠١٥ بخایەنێ. ئێرە جێگای باسکردنی ئەو فاکتەرانە نییە، بەڵام هۆی گرنگیدان بە خەباتی شار دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی خێرابوون و بەربڵاوبوونی پرۆسەی شارنشینی لە ڕۆژهەڵات لە چەند دەیەیی ڕابردوودا. ڕاستە، لە قۆناغی دەسپێکی ڕاساندا، پێشمەرگە و خەباتی شاخ ئەساس بوون، بەڵام ڕاسان لە گەڵ ئەوەی بەردەوامیی خەباتی چەندەین دەیەی حیزبی دێموکراتە، هاوکات قۆناغێکی نوێیە لە تێکۆشان کە دەکرێ بڵێین شارمێحوەرە.

ڕاسان ئامانجی کورتمەودا و دوورمەودای هەیە. ئامانجی دوورمەودای ڕاسان وەدەستهێنانی سەروەرییە بۆ نەتەوەی کورد لە سەر خاکی خۆی، هەڵبەت بە گوێرەی بەرنامەی سیاسیی ئێستای حیزبی دێموکرات، سەروەرییەکی ڕێژەیی یان سنووردار لە چوارچێوەی ئێرانێکی فێدراڵدا. ئەو ئامانجە پێشتر خودموختاریی بوو. دەکرێ دیسان بگۆڕدرێ. بەڵام ئامانجی کورتمەودا یان دروسترە بڵێین نێوانمەودای ((midterm ڕاسان ئەوەیە کە لە ڕێگای تێکۆشان و فیداکاریی هێزی پێشمەرگەوە، شار بجووڵێ و هێزی جەماوەری شار ڕێکبخرێ تاکوو خەباتێکی بەرفراوانی مەدەنی بێتە ئاراوە.
ڕاسان تاکوو ئێستا کۆمەڵێک دەسکەوتی هەبووە. فیداکاری و قوربانیدانی پێشمەرگە بووەتە هۆی ئەوەی دیسان لە دونیادا باسی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵات بکرێ، بەڵام لەوەش گرنگتر، خەڵکی کوردستان هیوای بە ڕزگارییان بۆ بگەڕێتەوە. کردنەوەی باوەش بۆ پێشمەرگە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، داخستنی بازاڕ لە ٢٢ی پوشپەڕی ساڵی ڕابردوودا و بەڕێوەبردنی کەمپەینی جامانەکان لە نەورۆزی ئەوساڵدا، هەموو گوزارشتن لە جەماوەریبوون و شارمێحوەریی ڕاسان.

ئەگەر دوای شۆڕش پێشمەرگە ناچار بوو شار چۆڵ بکا بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی وێرانیان نەکا و خەڵکی مەدەنی نەکوژرێن، ئەوڕۆ پێشمەرگە، وەک هێزی بزوێنەر و هیوابەخش، گەڕاوەتەوە بۆ نێو شار. لە ڕابردوودا، قورسایی خەبات لە سەر گوندەکانی کوردستان بوو. ئێستا ڕاسان ئەو قورساییە دەخاتە سەر شانی شار. هەڵبەت ئەمە بە واتای ئەوە نییە حەتمەن شار دەبێ قوربانیی گیانیی بدا بۆ ئەوەی ڕاسان بە ئامانجەکانی بگا.

بێ‌گومان، ڕاسان قوربانیی دەوێ؛ هەم لای پێشمەرگە، هەمیش لای خەڵکی مەدەنی لە گوند و شار. بەڵام ڕاسان هەمیشە هەوڵی ئەوەیە زۆرترین دەسکەوت بە کەمترین تێچووی گیانی مسۆگەر بکا. لێرەدایە کە خوێندنەوەیەکی نوێ و بەردەوام لە سیاسەت و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کۆماری ئیسلامی پێویستە.

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە نکۆڵی کردن لە ناسنامە و مافەکانی نەتەوەی کورد، هەروەها بەتاڵان‌بردنی سامانی کوردستان و بەکۆیلەکردنی گەلی کوردە. لە بنەڕەتدا، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی داگیرکردنی کوردستان و چەوساندنەوەی گەلی کورد لە ڕێگای هێزی نیزامی و داپلۆسێنەرەوە دەباتە پێش. خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامیش، هەر ئەو هێزە نیزامیی و داپلۆسێنەرەیە کە لەبەردەستیدایە. هاوکات هێزی نیزامی و داپلۆسێنەری کۆماری ئیسلامی، خاڵی لاوازی ئەو ڕێژیمەیە. ئەو هێزەی کۆماری ئیسلامی وەک خەنجەری دووسەر وایە، چەندە لە گەلی کورد دەدا، ئەوەندەش لە هەیمەنەی خۆی دەدا. بۆیە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خەڵکی کوردستاندایە بۆ ئەوەی ناچار نەبێ بەردەوام و بەربڵاو، کەڵک لە هێزی نیزامی و داپلۆسێنەر وەرگرێ.

لە پێناو وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی گەلی کورددا، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای کۆمەڵێک دامەزراوەوە (لەوانە قوتابخانە، ڕاگەیاندن، مزگەوت، هەڵبژاردن و... هتد)، هەوڵی بەردەوام و دزێو دەدا تاکوو خەڵک وادار بکا ڕاستییەکان وەک خۆیان نەبینن. بۆ ئەم مەبەستەش، دەبێ بەردەوام واقعییەت چەواشە بکا و لە ڕێگای پڕوپاگەندەی جۆراوجۆرەوە، خەڵکی کوردستان لە ئاوەزمەندی دوور دەخاتەوە. واتە، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ خەڵکی کوردستان وادار بکا کە کۆیلەبوونی خۆیان و بەتاڵان بردنی سامانی خاکەکیان نەبینن، یان ئەوەی نەیهێننە ژێر پرسیار. ئەو دامەزراوانەی کە لەبەردەستیدان، کارکردیان وەکوو ماددەی هۆشبەر وایە، ئامانجیان ئەوەیە گەلی کوردستان ساحێبی ئاوەزی خۆیان نەبن یان ئەوەی لەئاوەزیان دابڕێت.

ئەوڕۆ هێزێکی داگیرکەر بەزۆرەملێ و بە شێوەی جۆراوجۆر و پڕ لە سووکایەتی پێناسەی گەلی کورد دەکا؛ بۆ نموونە، وەک قەوم، قەبیلە، ئێرانی، سنوورپارێز، پەراوێزنشینو... هتد. هاوکات خۆی بەخاوەنداری خاکی کوردستان دەزانێ. ئەگەریش هەر چەشنە خەباتێک دژ بەم زوڵمە بکرێ، دەیخاتە خانەی جوداخوازییەوە و بە زەبروزەنگی هۆڤانە وەڵامی ئەو خەباتە دەداتەوە. دەیەوێ داگیرکاریی خۆی بشارێتەوە و نۆرمالیزەی بکا، بەڵام خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و سەروەری لە سەر خاکی خۆی کردووە بە تاوان. بۆ ئەوەی ناچار نەبێ بەردەوام و بەربڵاو هێزی زۆر بەکار ببا، دەیەوێ خەڵکی کوردستان ناسیۆنالیزمی فارس و دەسەڵاتی ئیسلامی ڕەزامەندانە پەسەند بکەن.

یەکێک لە فێڵە دزێوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هەموو دانیشتوانی ئێران، ڕێکخستنی هەڵبژاردنە. ڕاستییەکەی، ئەوە دزێوترین شێوەی وادارکردنی خەڵکە بەوەی جار لە دوای جار دەنگ بدەن بە دیکتاتۆری، کە هاوکاتیش دەنگدانە بە چەوساندنەوەی خۆیان. فێڵێکی دیکەی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ هەڵبژاردن یان دەنگدان بە دیکتاتۆری، داهێنان و زیندووڕاگرتنی ئەو ئەفسانەیە کە گوایە لە کۆماری ئیسلامیدا، جەناحگەلێک وجوودیان هەیە کە خاوەن سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی جیاوازن.

ئەمانەی بە ئیسلاحتەڵەب و موحافزەکار، یان میانەڕەو و ئوسولگەرا لە قەڵەم داوە. بۆ ئەوەی خەڵک ئاوەزیان نەمێنێ و بیر لەوە نەکەنەوە کە لە ڕاستیدا بە ئیرادەی خۆیان (واتە، ئیرادەیەک کە کۆماری ئیسلامی ئەندازیاریەتی) دەنگ دەدەن بە زیندوو ڕاگرتن و شەرعییەت‌پێدانی ڕێژیمێکی دیکتاتۆری ڕەگەزپەرەست، تایفەگەرا و دژ بە ژن، خەڵک وادار دەکا باوەڕ بەوە بێنن کە بژاردەی ڕاستیەقینەیان لە نێوان خراپ و خراپتردا هەیە. کاتێک ژنێکی گەنج لە تاران پاش هەڵبژاردن بە ڕۆژنامەوانێکی سوئیدی دەڵێ، دەنگم دا بە خراپەکە بۆ ئەوەی خراپترەکە نەیەتە سەر کار، ئاوەزی لەدەست داوە، چوونکە نازانێ درێژەدانی دیکتاتۆری و سیاسەتی دژە ژنی هەڵبژاردووە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئاماری کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدا کە ئیسلاحتەڵەبێک وەک خاتەمی یان میانەڕەوێك وەک ڕۆحانی، زۆرینەی دەنگیان لە کوردستان وەدەستهێناوە، ئەوانەی دەنگیان پێ داون، ئاوەزیان لەدەست داوە و نازانن دەنگ دەدەن بە ڕێژیمێک کە لە کوردستاندا، سیاسەتی ڕەگەزپەرەستانە و کۆلۆنیالیستانە دەباتە پێش. ڕاستییەکەی، دەنگدانی خەڵک بە ئیسلاحتەڵەب ومیانەڕەوەکانی نێو کۆماری ئیسلامی باشترین بژاردەیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژیم.

باڵی بەناو ئیسلاحتەڵەب یان میانەڕەو، جیاوازیی لە گەڵ باڵەکانی دیکە لەوەدایە کە دەیانەوێ بە سیاسەتی نەرمی فریوکارانە، کاریگەرانەتر ئاوەزی گەلی کورد بەرن. دەنگدان بەمانە، دەربڕینی ڕەزامەندییە بۆ سیاسەتە ڕەگەزپەرەست و کۆلۆنیالیستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا، پێشمەرگە قوربانیی بەرچاوی دا. دیسانەوە دەبێ جەخت بکرێتەوە کە لە ڕاساندا، تێکۆشانی پێشمەرگە و خەباتی مەدەنی تەواوکەری یەکتر دەبن. یەکێک لە ماکەکانی خەباتی مەدەنی، بایکۆت کردنی ئەو جۆرە شانۆگەرییە دزێو و چەواشەکارانەیە کە رێژیمی ئیسلامی ناوی هەڵبژاردنی لەسەر داناوە. ڕاستە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی سزادانی خەڵک دەکا ئەگەر بێتو دەنگ نەدەن، بەڵام ئەو هەڕەشانە نابێ بکرێن بە پاساو بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی، چوونکە ئەگەر بە میلیۆن خەڵک، شانۆگەرییەکانی ڕێژیم بایکۆت بکەن، ناتوانن بەدواداچوون بۆ دەنگ دان یان دەنگ نەدانی ئەو هەموو کەسە بکەن.

تەنانەت ئەگەر لە هەر بارودۆخێکدا مرۆڤ ناچار بکرێ دەنگ بدا، خۆ دەکرێ دەنگی سپی بدرێ. لەو ڕووەوە، کوردستان دەتوانێ سەرچاوەی ئیلهام بێ بۆ گەلانی دیکە لە ئێراندا.

بۆیە، لە ساڵانی ڕابردوو گرنگترە کە شانۆگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بایکۆت بکرێ. لە کاتێکدا پێشمەرگە ئامادەیە گیانی خۆی لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەییدا بەخت بکا، بێ‌گومان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەتوانن و دەبێ شانۆگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بایکۆت بکەن.