کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی کانادا، لەگەڵ چەند ئەندام پارلەمان کۆ بوونەوە

16:59 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ چەند ئەندام پارلمانی کانادا لە بارەی ڕاسان و پرسی کورد کۆ بوونەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مەنسوور عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، لە شاری ئۆتاوای کانادا، لەگەڵ شاندێک لە حیزبی کۆنسرڤاتیڤی کانادا کۆ بوونەوە.

لەو دانیشتنەدا کە لە بنکەی سەرەکیی جەیمس بێزان، ئەندام پارلەمانی ئەو وڵاتە و بە ئامادەبوونی تام کمێک ئەندام پارلەمان لە حیزبی کۆنسرڤاتیڤ و بەرپرسی دەستەی دۆستانی کورد لە پارلەمان پێک هات، ئەم خاڵانەی خوارەوە کەوتنە بەر باس:

ـ ڕاسانی حیزبی دێموکرات و سیاسەتی نوێی حیزب بۆ چالاکییەکانی لە نێوخۆی وڵات.

ـ پوتانسیلی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ چوونە نێو فازێکی دیکە لە خەباتی جەماوەری خۆیەوە.

ـ مافی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێران و داهاتووی ئەو نەتەوانە و بەرژەوەندییەکانیان.

ـ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و کاریگەریی ئەو دەستێوەردانە لە سەر دۆزی ناوچەکە.

ـ ڕێفراندۆمی کوردستان و بەربەستەکانی سەر ڕێی ئەو پرۆسەیە.

ـ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ئێعدام و گرتن و کوشتن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە تایبەت لە ماوەی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانی.

لەو دانیشتنەدا کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، دوو لایەن کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە پێوەندییەکانی نێوان دوو لایەنیان هەڵسەنگاند و هیوایان خواست کە بتوانن زیاتر پێکەوە هاوکاری بکەن.