کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنیستەکانی پەروەردەی ڕێژیم، هێرشیان کرده سەر کۆچەر بیرکار

13:12 - 14 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە بیرمەندی کورد، کۆچەر بیرکار خەڵاتی فیلدزی لە بەشی بیرکاریدا وەرگرت، شوێنیستەکانی پەروەردەی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردە سەر نابراو.

بەدەستهێنانی خەڵاتی فیلدز، لە لایەن بیرمەندی کورد، کۆچەر بیرکار بوو بە هۆی ئەوەی کە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەناو ڕووناکبیرانی ڕێژیمی ئێرانیی دانیشتووی تاران، هێرش بکەنە سەر ئەو بیرمەندە کوردە و بێڕێزی بە ناوبراو بکەن.

ژمارەیەک لە بەناو نووسەر و رووناکبیر کە بیری شۆوێنیستیان بە ڕوونی دیارە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە نووسینی "کەمینە، خۆدۆڕاندوو، پەنابەری بێسفەت" و وشەگەلێکی بێڕێزی و جنێودان، هێرشیان کردە سەر کۆچەر بیرکار.

هاوکات هەندێک لەو بەکارهێنەرانەش باسیان لەوە کردبوو، کوردێکی پەنابەر کە ئێمە بە دنیامان ناساند و لە کارەساتی کیمیاییبارانی مەریوانیشدا، ئێمە کوردمان بە دنیا ناساند، کەچی کۆچەر بیرکار ئەمەگنەناس بوو.

لە بەشێکی دیکەی ئەو پۆست و نوسراوانەدا، یەکێک لە نووسەرانی ڕۆژنامەی "همشهری" سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە توندی هێرشی کردبووە سەر ئەو بیرمەندە کوردە و پیرۆزبایی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێرانی بە هاندانی شەڕ، ئاژاوە و جیاییخوازی وەسف کردووە.

قسە و لێدوانی ئەو  کەسە شوێنیستانە و دوژمنانی کورد لە تاران  لە کاتێکدایه، کە کاتێک کوردێک سەرکەوتن بەدەست دێنێت باس لە برایەتی و ئاشتی دەکەن، بەڵام کە کوردێک داوای مافی خۆی کرد و هەڵوێستی جیای هەبێت بە دوژمنی لە قەڵەم دەدەن.

پرۆفسۆر "کۆچەر بیرکار"، یەکێک لە مامۆستایانی لاوی کورد، لە زانکۆی کەمبریج لە وڵاتی بریتانیا، توانی میداڵی "فیلدز"، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهان لە بەشی بیرکاریدا بە دەست بێنێت.

لە دوای سەرکەوتنی ئەو لاوه کوردە لە بەشی بیرکاریدا، خەڵکی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەی جۆراوجۆر خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئەو لاوه کوردە دەربڕی و بە هەشتەگی #کۆچەر #سپاس #Caucher  #Thankyou  پیرۆزبایی خۆیان بەو بیرمەندە کوردە ڕاگەیاند.

ئەو بیرمەندەی نەتەوەی کورد، دوای وەرگرتنی میداڵی "فیلدز" ڕایگەیاند: هیوادارم بەم خەڵاتە بزه بخەمە سەر لێوی ٤٠ میلیۆن کورد".

بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە لە لایەن بیرمەندێکی کورد، لە ڕاگەیاندنەکانی جیهانیش دەنگی دایەوە و باسی سەرکەوتنی ئەو لاوە کوردەیان کردووە.

کۆچەر بیرکار، ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی، لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و بڕوانامەی کارناسی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە.

ناوبراو قۆناغی دوکتورای لە زانستگەی ناتینگهام لە بریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٣٨٥وەکوو پرۆفسۆری بیرکاری لە زانستگەی کەمبریج دەستبەکار بووە.

ئەو لاوە کوردە هەتا ئێستا لە ٢٠ وڵاتی جیهان، کۆبوونەوەی لەسەر دوایین دەسکەوتەکانی بیرکاری گرتووە.