کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێشپیگل ئانلاین: دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران لە مەترسیدایە

12:37 - 8 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی ئاڵمانی ئێشپیگل لە بابەتێکدا بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خەڵکی ئێران و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، باردۆخی ئێرانی بە مەترسیدار زانیوە.

ماڵپەڕی بڵاوۆکی ئاڵمانی "ئێشپیگل" لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "در آستانە گرمازدگی"، بە توێژینەوە لەسەر بارودۆخی ئێران و قەیراناوی بوونی کەمئاوی، پەرەسەندنی گەندەڵی و ململانێیەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئامریکا، داهاتووی ئەو ڕێژیمە و خەڵکی ئێرانی لە مەترسی زانیوە.

لەو بابەتەدا ئاماژە بە هەڕەشەکان و قسەکانی بەرپرسانی نیزامی و سیاسی ڕێژیمی ئیران کراوە، کە لەسەر هەموو گرفتەکانی ژینگە و ئابووری و سیاسی کە تووشی خەڵکی ئێران بووە، جەخت دەکەن لەسەر دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەت ئامریکا و ئیسرائیل و ئەو وڵاتانە بە هۆکاری قەیرانەکان ناو دەبەن.

هەروەها لەسەر قەیرانی ئاو لە ئێران، لەو بابەتەدا هاتووە، کە سەرەڕای گۆڕانکارییە هەرێمییەکان لە ژینگەی ئێران و کەمبارین، بەرنامە هەڵەکانی ڕێژیم لەسەر بەشەکانی وەرزێڕی، دابەشکردنی ئاو و داخستنی ڕووبارەکان بە بەنداو دروست کردن، بووەتە هۆکاری سەرەکیی کەمئاوی لە ئێران و زۆربەی ناوچەکانی ئێران و بە میلیۆنها نەفەر لەگەڵ قەیران بەرەوڕوون و ژیانێکی نالەباریان هەیە.

بە گشتی لەو بابەتەی ماڵپەڕی ئێشپیگلدا، باس لەوە کراوە کە قەیرانەکانی نێو ئێران لە هەموو بوارێکدا، دەستی ڕێژیمی تێدایە و بووەتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی ئێران، دەست بکەن بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و لە لایەکی دیکەشەوە بە ئاماژە کردن بە گوشارە جیهانییەکان لەسەر ئەو ڕێژیمە بە تایبەت لە لایەن ئامریکاوە، داهاتووی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەی به مەترسیدار زانیوە و ئاماژەی کردووە، کە بەردەوام بوونی ئەو بارودۆخە، ڕێژیم لەگەڵ ڕوخان بەرەوڕوو دەکات.