کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی ڕێگەی ئاسنی دەوڵەتی ئاڵمان چالاکییەکانی لە ئێراندا ڕادەگرێت

12:29 - 26 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: شیرکەتە جیهانی و ئەورووپاییەکان لەژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئامریکا چالاکییەکانی خۆیان لە ئێراندا ڕادەگرن.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ،  شیرکەتی ڕێگەی ئاسنی دەوڵەتی ئاڵمان "دی بی" ڕایگەیاند، بڕیار وایە پرۆژەکانی خۆی لە ئێران ڕابگرێت.

وتەبێژی ڕێگەی ئاسنی دەوڵەتی ئاڵمان ڕۆژی پێنج‌شەممە، ڕایگەیاند: دوو پرۆژەی ئەم شیرکەتە کە لەلایەن یەکێك لە کۆمپانیاکانیانەوە لە ئێراندا لە حاڵی جێبەجێکردندان لە مانگەکانی ئوت و سێپتامبری ئەمساڵ ڕادەگیرێن.

لە درێژەدا ئەم وتەبێژە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە هەواڵدەری ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە: "لەبەر ئەوەیکە گۆڕانکاری لە ئاڵوگۆڕە بانکییەکان دروست بووە هەوڵ دەدەین لە کاتێکی گونجاودا چالاکییەکانمان لە ئێران ڕابگرین".

شیرکەتی ڕێگەی ئاسنی دەوڵەتی ئاڵمان مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٧ چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا لە دوو پرۆژەدا دەست پێکرد.

هەواڵی چوونەدەرەوەی ڕێگەی ئاسنی ئاڵمان لە پرۆژەکانی ئێران لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێت کە عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگە و شارسازی ڕێژیمی ئێران، ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو: "هیوادارین پێشنیاری بە کارەبایی کردنی ڕێگەی ئاسنی تاران - تەورێزمان لەلایەن ئاڵمانەکانەوە پێبگات".

هەر لەم ڕاستایەدا، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی پێنج‌شەممە لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە "دێتکان" شیرکەتی سەر بە "تی سیستەمز"، سرویسی تکنیکی زانیاری شیرکەتی "موخابراتی ئاڵمان"، چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرتووە.

وتەبێژی ئەم شیرکەتە ڕایگەیاندووە: "بەهۆی ئەو حەساسیەتەی کە جیهان لە بەرانبەر ئێراندا هەیانە دێتکان، کار و چالاکییەکانی خۆی لە  ئێراندا ڕاگرتووە".

بەهۆی گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و دووبارە دەسپێکردنەوەی گەمارۆکان، ژمارەیەکی زۆر لە شیرکەت و کۆمپانیا جیهانییەکان لە ماوەی ڕابردوودا هەواڵی ڕاگرتنی کار و چالاکییەکانیان لە ئێراندا ڕاگەیاندووە.