کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نێوخۆیی جۆمگەکانی ڕێژیم، هەوڵێک بۆ چەواشەکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک

11:48 - 27 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە خوێندەوارانی ناوەندە ئایینییەکانی شاری قوم، بە مەبەستی بەڵاڕێبردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، بە دژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی هەواڵدەریی "شەفقنا" ماڵپەڕی سەر بە حەوزەی علمییە قوم، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە "تەلەبەکانـ"ـی ئەو شارە، بە دژی گەندەڵیی دارایی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و تێدا دروشمی بێڕێزانەیان بە دژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی نووسیبوو.

"تەسنیم" یەکێک تر لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، ئەم خۆپیشاندانە بە مەبەستی "ویستی دادپەروەریی ئابووریی" بەرێوە چووە و بەشداربووان سەرەڕای ڕەخنە لە دۆخی ئابووریی وڵات، خوازیاری سزادانی گەندەڵانی ئابوری بوون.

یەکێک لە دروشمەکان ئەوە بووە: "برجامیان برگردید/ مطیع رهبر گردید"، ئەم دروشمە دەیسەلمێنێت، کە ئەم خۆپیشاندانە شەڕی نێوخۆیی جومگەکانی ڕێژیمە و تەنیا بە مەبەستی بەلاڕێبردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بووە و بەمجۆرە خۆپیشاندانانە دەیانەوێت تاوانەکان بخەنە ئەستۆی بەشێک لە بەرپرسان و قەوارە و هزری بناغەییی ڕێژیم لە هەمبەر ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانە پارێزراو بێت.