کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ڕەوانی

20:35 - 17 رەزبەر 2716

کەریم پەرویزی

کۆماری سێدارەی ئیسلامی، لە ڕێگەی هێرشی نیزامی و وەگەڕخستنی دەزگای داپڵۆسێنەری ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سەپاوە، تاکە بەهەڵوێستەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەنێو دەبا و هێزێکی بەربڵاوی سەرکوت و ئەشکەنجە وەڕێ دەخا، تاکوو ئەو تاکانەی نێو کۆمەڵگای کوردستان بدۆزنەوە کە خاوەنی بیر و باوەڕن و هەڵوێست دەگرن لە بەرانبەر ستەمکاری و دڕندەیی ڕێژیمدا و لە سەر ئاواتە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان سوورن.

بەڵام لە ڕەهەندێکی دیکەدا، دوژمنی سەرەکیی کورد واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سیاسەتە فاشیسیتی و شۆڤێنیستییەکانی و بە تاکتیکی پەرت کە و زاڵ بە و بە بەکاربردنی ئامراز و تێکنیکەکانی شەڕی ڕەوانی و تەبلیغی، دەیەوێ کۆمەڵگای کوردستان لە نێوەوە بڕووخێنێ و بەچۆکیدا بێنێ.

ئەگەر لە شەڕ و تاکتیکە نیزامی و ئەشکەنجەگەرانەکانیدا تەنیا دەتوانێ گوشار بۆ سەر تاک بێنێ و تاکێکی کۆمەڵگا لەسێدارە بدا، یان ڕۆڵەیەکی ڕاپەڕیو شەهید بکا، بەڵام بە شەڕی تەبلیغی و سیاسەتە گڵاوەکانی دەیەوێ کۆمەڵگایەک دەستەمۆ بکا.

ڕەهەندەکانی شەڕی ڕەوانی ئێجگار زۆرن، بەڵام یەکێک لە مەترسیدارترین ڕەهەندەکانی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی پەرت کە و زاڵ بە تا ئەو جێگایە دەچێتە پێش کە هێز و لایەن و تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی کە خاوەنی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەن و دژ بە ستەمکاری دەوەستنەوە، لێک داببڕێن و هەر کامەیان بە چاوی گومان لەوی دیکە بڕوانن و ئەوی دیکە بە بەزیو و تەزیو و ملکەچی ئەم دوژمن یان ئەو دوژمن ناو ببەن و تێکۆشان و خەباتی یەکدی بە خزمەت بە فڵان و فڵان ناو ببەن و ئەم بەو بڵێ تۆ لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی دوژمندا دەچیتە پێش.

ئەم شەڕ و دووبەرەکی سازکردن و دڕدۆنگی پێکهێنان و ڕۆژێک پشتی ئەم گرتن و ڕۆژێ لە ئەویدی گورز وەشاندن، وا دەکا کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بە دیاریکەری گۆڕەپانی شەڕ و دیاریکەری یاسا و چوارچێوەکانی هەڵسوکەوت و دیارە کە جۆرێک کایەکە دەباتە پێش کە بەردەوام هەموو گرووپەکان لە لاوازیدا و دژ بەیەک بن و لە کۆتاییدا هەر چاو لەدەستی ئاغا و ئەربابێک بن کە وێکیان بێنێ.

لە هەمووی مەترسیدارتر ئەو کاتەیە کە ئیرادە و ناسنامەی مرۆیی و نەتەوەیی خەباتکاران و تاکە خاوەن هەڵوێستەکانی کورد دەستکاری بکا و تێکیان بشکێنێ و بەلاڕێیاندا ببا کە بە کوژرانی ئەویتر بە دەستی دوژمنان خۆشحال ببن! ئەوە ئیدی ئەوپەڕی ڕووخاویی کەسایەتی و تێکشکاویی ئیرادە و کەرامەتی تاکێکە کە بە کوژرانی ڕۆڵەیەکی نیشتمان بەدەستی دوژمنێکی کوردستان شایی دەرببڕێ، هەروەک نموونەمان لە نێو بەناو لایەنگرانی چەندین ڕێکخراو لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا بینیوە.

شەڕێک کە لە بواری سیاسی و تەبلیغیەوە، بەتایبەت کۆماری سێدارەی ئیسلامی بەڕێوەی دەبا و بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی نەتەوەی کوردە، دەبێ تاکە بەهەڵوێستەکانی کوردستان وشیاری ئەو شەڕە دژەمرۆییە بن.