کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق: بۆ ئێران سەفەر مەکەن

19:19 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی وڵاتی عێراق لە تاران ڕوو بە هاووڵاتییانی وڵاتی خۆی ڕایگەیاند، لە کاتی سەفەرکردن بۆ ئێران هۆشیار بن و ئەگەر دەتوانن سەفەر بۆ ئەو وڵاتە مەکەن.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، "ڕاجح ئەلمووسەوی" باڵوێزی عێراق لە ئێران، هۆشداری داوە کە هاووڵاتییانی عێراقی لە کاتی سەفەرکردن بۆ ئێران ئاگاداری خۆیان بن و ئەگەر زۆر پێویست نییە، سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.

ئەو لێداونەی باڵوێزی عێراق دوای ئەوە دێت کە هاووڵاتییەکی عێراقی لە شاری ئابادان دوای دزینی کەلوپەلەکانی دەکوژرێت. هەروەها یەکشەممەی ڕابردووش چەند کەس هێرش دەکەن سەر سێ عیراقی و بە زۆری چەک موبایل و پاسپۆرتەکانیان لێ دەستێنن.

ئەو بەرپرسە عێراقیە ئاماژەی بەوەش کردووە، به هۆی ئەوەی کە مسافیرانی عێراقی لە ئێراندا کەلوپەلیان لێ دەدزرێت، ئاگاداری خۆیان بن و لە هاتوچۆی شەوانەش خۆ ببوێرن.

ئەلمووسەوی باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی ئێرانیش دانیان بەوە داناوە کە مسافیرانی عێراق لە ئێراندا تووشی ئازار و ئەزیەت دەبنەوە، بەڵام ئەوە کێشەیەکی گەورەیە.

هاوکات باس لەوە کراوە کە ئەو مسافیرانەی سەردانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن، لەگەڵ هیچ کێشەیەک بەروڕوو نابنەوە و ئازار و ئەزیەتیش نادرێن.

ساڵانە مسافیرانێکی زۆری عێراقی و هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن.