کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤێنیزی ئیتالیا/ بەهمەن قوبادی دوایین بەرهەمی سینمایی خۆی پێشکەش بە نەتەوەی کورد کرد

15:43 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بەهمەن قوبادی، سینماکاری بەناوبانگی کورد، فیلمی هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە کەلە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤێنیز لە ئیتالیا نمایش کرا، بە نەتەوەی کورد پێشکەش کرد و لە وتووێژ لەگەڵ دەزگا راگەیاندنە نێودەوڵەتییەكان داكۆكی لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نوێترین بەرهەمی بەهمەن قوبادی لە چوارچێوەی كۆمەڵە فیلمی چەند وتەیەك لەگەڵ خوداكان (Words With Gods)، لە بەرهەمهێنانی ئالێكس گارسیا و گیلێرمۆ ئاریێگا و بە ئاوازدانەری موزیكزانی ناوداری بەریتانی پیتێر گابریێل بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوبادی، لە میانەی حەفتا و یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتالیا نمایش كرا.

ئەو سینەماکاره کورده لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڤێنیز وتی: من ئەم فیلمەم بە نەتەوەی کورد پێشکەش دەکەم، راستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ساڵانێکی درێژە میوانداریی ئایین و مەزهەبە جۆراوجۆرەكانی كردووە هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە کوردەکان ببنە قوربانی جەنگە عەشیرەییەکان كەلە نیشتمانەكەیاندا هەڵگیرساوە.

قوبادی هەروەها لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵە تەلەفزیۆنیە بەناوبانگەکانی جیهانیدا وتی: بە بڕوای من ئەمڕۆكە كوردەكان خەبات بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە وڵاتی عێراق دەكەن و بەتایبەت لەگەڵ ئەم جۆرە ڕوانینە هەم كە كوردەكان بتوانن ماڵێكیان بۆخۆیان هەبێت و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و ئەو سەربەخۆیی ‌‌یە دەبێتە هۆی سەرپەنایەک بۆ كوردەكانی وڵاتانی دیكەش كە زوڵمیان لێكراوە، هەنووکە ئەم بەستێنە پێکهاتووە.

گوتیشی: بەداخەوە هەر كات لە عێراق شەڕێک رووی داوە، قوربانی سەرەكی كوردەكان بوونە، چوونکە هیچ پاش ئاوارە بوونیان هێچ جێگایەکیان نییە پەنای بۆ ببەن، شیعە یا سوننە ئەم شانسەیان هەیە كە بۆ وڵاتانی دراوسێی پەنابەرن، بەڵام کوردەکان شوێنێکیان نییە.

قوبادی لە کۆتایی قسەكانیدا جەختی كردەوە: هەر بەم هۆیەوە كوردەكان نابێت جارێكی دیكە تراژیدیایەكی دیكە بەسەریاندا بێت وەکوو ئەوەی کە لە درێژایی مێژوودا بەسەریان هاتووە، ئەوە ئەم كاتەیە كە من بە كاتی كوردەكان ناوی لێدەبەم و ئەمە دوایین شانسێكە كە كوردەكان لە بەردەستیاندایە تا بتوانن ماڵێكی هێمن و جێی متمانە بۆ خۆیان سازبكەن، چونكە هەموو كاتێك بوونەتە قوربانی.

لە كۆمەڵە فیلمی وتووێژ لەگەڵ خوداكاندا دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی ٩ وڵاتی جیهان وەکوو بۆسنی، ژاپۆن، مكزیك، هێندستان، ئامریكا، ئوستورالیا، بڕازیل، ئیسرائیل و ئیسپانیا ئامادەبوون كە فیلمی هەندێك جار چاو لە سەرێ بكە لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە تەنیشت ناوی ئەم وڵاتانەدا ناوی لێبردرا، كە ئەوە بۆخۆی ڕووداوێكی گرینگ و جێی سەرنجە و بۆ یەكەمین جار كوردستان وەكوو وڵاتێكی سەربەخۆ لە نێوان ئەم وڵاتانەدا ناوی لێبردرا و لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنە گرینگە جیهانییەكاندا رەنگدانەوەی بەرچاو و جۆراوجۆری بەدواوە بوو.