کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤاڵی \"ژەنینی نەرمە نای\" لە بۆکان بە‌ڕێوە چوو

16:50 - 14 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: دووهەمین فستیڤاڵی ژەنینی نەرمە نای بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ساڵۆنی سیمورغی شاری بۆکان بە بەشداری هۆنەرمەندانی کورد لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێرانەوە، بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رێوڕەسمی کرانەوەی ئەم فستیڤاڵه بە گۆرانیبێژی هونەرمەندانی کورد بە ژەنینی دووئامێریی دەهۆل و زوڕنا ، زەرب و دووزەلە، زەرب و نەرمە نای، لەلایەن هونەرمەندانی شارەکانی مەهاباد، نەغەدە، سنە، ئیلام و خوراسانی باکوور، بەرێوە چوو.

لە یەکەم بەشی ئەو فستیڤاڵەدا کە تایبەت بە ئامێرەکانی ژەنین وەکوو نەرمە نای، دووزەلە و زووڕنا بوو، لاوانی هونەرمەندانی سەرووی تەمەن ٢٣ ساڵ لە شارەکانی بانە، بۆکان، سنە، سەردەشت و سەقزەوە بەشدارییان لە کێبڕکێی ئەو فستیڤاڵه‌دا کرد.

لە درێژەی فستیڤاڵەکەدا و کێبڕکێی تەمەن ژێر ٢٣ ساڵ، بۆ یەکەمین جار نەشمیل عالەمی خەڵکی سقز، پگا کشاوەرز خەڵکی سنە و موژگان سەعیدی خەڵکی نەغەدە و زیلان رەحیمی لە شاری بۆکانەوە بە ناوی بەشدار بووانی ژن لە بەشی کێبرکێی ئەم فستیڤاڵەدا، بەشدارییان کرد.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو لە ساڵونی بەرێوەچوونی فستیڤاڵی ژەنینی نەرمە نای، لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو فستیڤاڵەدا، هونەرمەندانی کوردی بەشدار لەو فستیڤاڵەدا بە ژەنین و خوێندنی گۆرانییە فۆلکلۆرەکان فستیڤاڵەکەیان زیاتر دەڕازاندەوە.

بەشی کۆتایی ئەو فستیڤاڵی بە خوێندنەوەی پەیامێک لەلایەن عەلی ئەکبر مورادی هونەرمەندی کرماشانی تەرخان کرابوو.

لە کۆتایی‌دا،هەیئەتی داوەران لە بەشی ژێر ٢٣ساڵ، بەریزئارام مەحموودی و موژگان سەعیدی وەکوو کەسانی یەکەم و دووهەم هەڵبژارد و لە بەشی سەرووی ٢٣ ساڵیشدا شێرکۆ شەمامی لە بانە و خالید مروەتی لە سەقز پلەی یەکەم و دووهەمیان بە دەست هێنا.

لە درێژەی فستیڤاڵەکەدا، هونەرمەندە پیشکسوەتەکانی کامیاران، شیروان، سەقز، مەهاباد، سنە، بجنوورد، شنۆ و کرماشان بە ژەنینی دوو ئامێریی زەرب و نەرمەنای، دایرە و دووزەلە، تەک ژەنینی دیوان و دوو ئامێری ژەنینی زوڕنا ودەهۆل بەشدارییان کرد.

یەکێک لە هاووڵاتییانی بەشداربوو لە ساڵونی سیمورغی بۆکان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا لە زاری بەرێوەبەرانی فستیڤاڵی ژەنینی نەرمە نایەوە رایگەیاند، کە ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامیی هیچ یەک لە تێچووی بەرێوەبردنی ئەو فستیڤاڵەی لە ئەستۆ نەگرتووە و تەواوی تێچووی ئەو فستیڤاڵە لەلایەن بەرێوەبرانی ئەو فستیڤاڵەوە دابین کراوە.