کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی برایان هوک و پەرچەکردارەکانی زەریف

12:13 - 29 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لەحاڵێکدا کە برایان هوک ئامانج لە چالاکییەکانی خۆیانی بۆ کورتکردنەوەی دەستی ڕێژیمی ئێران لە پاڵپشتی کردنی تیرۆریستان گەڕاندەوە، محەمەد جەواد زەریف نیازی ئامریکای بە دووبارە کردنەوەی کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ زانیوە.

برایان هوک، بەرپرسی گرووپی تازەدامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی کردەوەکانی ڕێژیم، ئامانجی هەوڵەکانی خۆیانی بە گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کۆتایی هێنانی ئەو ڕێژیمە لە یارمەتیدانی تیرۆریستان، باس کردووە، بەڵام محەممەد جەواد زەریف، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، لە تویتێکدا بە نیسبەت ساڵڕۆژی کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی، هەوڵەکانی ئامریکای لە ڕاستای دووبارەکردنەوەی وەها سناریۆیەک لە قەڵەم داوە.

زەریف لەو تویتەیدا نووسیویەتی:"٦٥ ساڵ لەمەوپێش لە وەها ڕۆژێکدا، ئامریکا دەوڵەتی هەڵبژێردراوی خەڵکی ئێرانی ڕوخاند و بە کوشتنی دوکتور موسەدیق بۆ ٢٥ ساڵی دیکە دەوڵەتی دیکتاتۆری شای بەسەر خەڵکدا حاکم کردەوە، ئێستاش بە دامەزراندنی گروپی کردەوە بە نیازە تا سیناریۆی کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ دووبارە بکاتەوە".

شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە دوکتور موسەدیق بە پێچەوانەی کاربەدەستانی ئێستای ڕێژیمی ئێران کە هەموو سەرمایەی نەوتی ئێران بۆ بەهێزکردنی دەست و تاقمەکانیان لە دەرەوە هەزینە دەکەن، نەوتی ئێرانی بە نیشتمانی ڕاگەیاند و هەموو سەرمایەی وڵاتی بە مافی خەڵک دەزانی.