کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەسابەکانی شاری سەقز بەشێوەی ڕانەگەیێندراو مانیان گرتووە

17:09 - 8 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان لەهەمبەر گرانی و بێکاری و نەبوونی دەرەتانی ژیان ئەگەری مانگرتنی جەماوەری و ئێعترازەکانی سەر شەقامی زیاتر کردووە و لەیەکەم هەنگاویشدا قەسابەکانی شاری سەقز بەشێوەی ڕانەگەیەندراو مانیان گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هۆی گرانی لە ڕادەبەدەری ئاژەڵ لە ڕۆژی شەممەوە قەسابەکانی سەقز نەیانتوانیوە ئاژەڵ کوشتار بکەن، هەر بەم هۆیەشەوە سەرەڕای ئەوە کە دوکانی قەسابیەکانی سەقز لە ژێر زەختی ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارەدا ڕۆژانە دەکرێنەوە بەڵام هیچ گۆشتێکیان تێدا نییە و قەسابەکان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردودا لە ناو دوکانە چۆڵەکانیاندا دانیشتوون .

ئەوە لە حاڵێکدا کە ئیدارەی تەعزیرات و بازرگانی سەقز هەر لە سەر قسە ناواقعبینانەکەی خۆی سوورە و بە قەسابەکانی وتووە دەبێت هەر گۆشتی سور بە نرخێک بفرۆشن کە ئەوان دیاریان کردوە .

دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی یەکێک لە هۆکارەکانی گرانی و بێکاری و هەڵاوسانێکی بێ وێنەیە لە بازاڕی ئێران و کوردستاندا، لەو ڕووەوە کە هەتا ئەمڕۆ هیچ میکانیزمێکی گونجاو بۆ کڕین و فرۆشتنی گۆشتی سور نەدۆزراوەتەوە .

بەوتەی یەکێک لە بازاڕییانی ئەم شارە وێدەچێت مانگرتنی قەسابەکان لە شاری سەقزدا هەر درێژەی ببێت و لەوە دەچێت لە ڕۆژانی داهاتووشدا قەسابەکانی شارەکانی دیکەش بەم مانگرتنەوە پەیوەست ببن . تەواوی بازاڕیان و دوکاندارەکانی ئێران و کوردستان لە پیشە جیاجیاکان لە وەزعێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و زەرەری مادیدان و حکومەت لە بەرانبەر ئەو بڵبشێوییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەدا خۆی بە بەرپرس نازانێت و وڵامدەری خەڵک نییە .