کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم کوژرا

21:11 - 15 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: لاوێکی دیکەی بەلووچ لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ چەند ڕۆژ پێش ئێستا، ئەمین شەهنەوازی خوێندکاری قۆناغی کارناسیی کامپیوتێر لە سەفەرێکدا کە بوو سەردانی بنەماڵەکەی ڕۆیشتبووە ناوچەی ماشکیدی سەر بە شارستانی سەراوان، بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی بڕیاری ایست لە لایەن هێزە نیزامییەکانی سپای ڕێژیمی ئێران دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا کوژراوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپا دوای تەقە لەو لاوە بەلووچە و کوشتنی، تەرمەکەی بەجێ دەهێڵین.

بنەماڵەی شەهنەوازی یەک ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە، سەردانی هەنگی سنووریی هەمان ناوچە دەکەن، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی نیزامی هەنگی سنوری ڕێژیم لەو ناوچەیە هیچ وڵامێکیان پێ نادرێتەوە و بە ناچار خۆیان بە شوێن تەرمی کوڕەکەیاندا دەچن کە بە کوژراوی دەیبیننەوە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی زیاتر لە ٥٢ کەس بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژرا و بریندار بوونە.