کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای ئازادکردنی ناڕازیانی دەسبەسەرکراوی کرد

12:39 - 19 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە نیسبەت دەسبەسەرکرانی ناڕازیانی ئەم دوایانە، نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد تا بە خێرایی ئازادیان بکات.

لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە هەتا بە خێرایی هەموو ئەو کەسانەی کە تەنیا بە تاوانی بەشداربوون لە ناڕەزایەتییەکان دەسبەسەر کراون ئازاد بکات و بە نیسبەت کوژرانی هاوڵاتییەک لە کەرەج، لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە دەست پێ بکات.

ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاویژی ١٣٩٧ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانەی چەندین شاری ئێران، کە بە هۆی هەڵاوسانی بازاڕ و گرانی ڕوویان داوە، هێمنانە بووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوه، کە پاش کەڵکوەرگرتنی بەرپرسان لە هێز و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە هەندێک شوێندا، ناڕازیان دەستیان داوەتە هاوێشتنی بەرد و ئاگردانی هەندێک کەرەستە.

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی هەندێک لە ماڵپەڕ و میدیا دەرەکی و نێوخۆییەکانی ئێران، ئاماژەی بە دەسبەسەرکرانی دەیان کەس لە خەڵکی ناڕازی بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم داوە، کە هەنووکە هەر لە زیندانەکاندا ڕاگیراون و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن و ئیزنی وەرگرتنی پارێزەریان پێ نادرێت.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا نزیک بە ٥٠ تا ٦٠ کەس کە بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی بازار دەسبەسەر کراون بۆ زیندانی ئەوینی تاران گوازراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەوڕاگەیەندراوەدا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت ناڕوونی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی حەوت ژن و پیاو کە پاش دەسبەسەرکرانیان ناوی خۆیان لە ویدیۆیەکدا ئاشکرا کردبوو، دەربڕیوە.