کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانی سەیریی پێشنوێژانی هەینیی ڕێژیم

13:15 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: پێشنوێژانی هەینیی ڕێژیم، قسەی سەیر لە بارەی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی خەڵک دەکەن.

لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پێشنوێژانی شارە گەورەکانی ئێران، خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵک بە گێرەشێوێنیی شەیتان و وڵاتانی ڕۆژئاواییان پێناسە کردووە و داوای کۆتاییهێنانی بەم خۆپیشاندانانەیان کردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی تەسنیم، پێشنوێژی هەینیی ڕێژیم لە شاری مەشهەد، لە وتاری نوێژی هەینیدا وتوویەتی: "کاتێک ڕێژیم لە  چارەسەرکردنی قەیرانەکان تووشی کێشە هات دەبێت خەڵک بێنە مەیدان، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە سیخوڕانی ئامریکای خەڵک هان دەدەن کە ڕووبەڕووی نیزام ببنەوە، ئەم نیزامە بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئێوە دروست بووە، لەبەر چووکەبوونەوە ورگتان نابێت ڕووبەڕووی نیزام ڕاوەستن".

هەروەها یووسف تەباتەبایی، پێشنوێژی هەینی لە شاری ئیسفەهان، لە وتاری ڕۆژی هەینیدا لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە وتبووی: "بە کەسانێک کە خۆپیشاندان دەکەن، دەڵێین قسەکانتان لەسەر حەقە، بەڵام خۆپیشاندان لە شەقامەکان هەرگیز کارێکی ڕاست نییە، چونکە باڵادەستەکان ئەم بابەتە زۆر بەباشی دەزانن".

لوتفوڵڵا دژکام، پێشنوێژی هەینی لە شیرازیش، لەم بارەوە قسەی کردبوو و وتبووی: "لە هەموو جیهاندا بابەتگەلێکی وەک برسییەتی، کەمیی ئاسایش، گرانی، شەڕ، ناداپەروەری و هتد بۆ مرۆڤ پێش دێت، "تاقیکردنەوەی ئیلاهیـ"ـیـە و ئەمە کێشەگەلێک نەبووە لە ڕابردوودا بۆ مرۆڤایەتی پێش هاتبێت و لە ئەمڕۆشدا دەستەوملی ئەم بابەتانەیە و دەبێت بە دوای ڕێگاچارەیەکەوە بێت بۆیان".

لەم پێوەندییەدا پێشنوێژی هەینی شاری تارانیش وتبووی: "وڵات لە بارودۆخی شەڕی ئابوورییە و کەسانێک کە گەندەڵی دەکەن، خیانەتیان کردووە و حوکمی "مفسد فی الارضـ"ـیان هەیە و دەبێت سزاکانیان لەگەڵ بارودۆخی شەڕدا گونجاو بێت".

پێشنوێژانی زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دانیشتن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ بەهیچ شێوەیەک جێگەی قەبووڵ نییە.