کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێڵاوی سیاسەت

13:41 - 16 رەشەمه 2715

کەریم پەرویزی

زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەردەوام دەبیسین و گوێمان لێ دەبێ کە ڕەخنە لە خەڵکی ئێران دەگیرێ کە بۆچی بە هەموویانەوە تووشی نەخۆشیی کورتبینی هاتن و وەدوای دیکتاتۆر و جەللادێک بە ناوی خومەینی کەوتن؟

لەم زیاتر لە ٣ دەیەدا، زۆر لێکۆڵەر و سیاسەتڤان لێیان پرسییەوە و بەدوای کەوتون کە بزانن بۆچی ئەو خەڵکەی لە ساڵی ١٣٥٧دا، نووری ڕزگارییان لە سیمای خومینی‏دا بینی، بۆچی ئەو هەموو کون و قوژبنە تاریکەی ئەشکەوتە پڕ درەدەکانی هزری خومەینیان نەبینی؟ زۆرجار قسە و کتێب و نامیلکەکانی خومەینی وەکوو فاکتی دواکەوتوویی و دژە مرۆڤ بوون و دژە ژن بوونی خومەینی هێنراوەتەوە، ڕەخنە لە مرۆڤەکان و لە ژنان گیراوە کە چۆن بوو وەدوای خومەینی کەوتن؟

بەڵام دوای ٣٧ ساڵ لە شانۆگەرییەکی هەڵبژاردندا، خەڵکی ئێران بەشێکی بایکۆتی دەکەن و بەشێکیش بە هەر هۆیەک بە ناچاری یان بە هۆکاری شەخسی بەشدار دەبن، بەڵام بەشیکی دیکە لەو خەڵکە بە هیواوە دەڕۆن دەنگ بە کەسانێکی وەکوو ڕەفسەنجانی و ڕەیشەهری و نەجەف‏ئابادی و ... دەیان کەسی تیرۆریست و جەللاد و بڕیاردەری ئێعدام و ئەشکەنجە دەدەن، بەو هیوایەی کە ڕزگاریان بکەن!

لە نێو ئەو بەشە لە خەڵکدا کە بەو شێوازە بەشدار بوون، بەتایبەت لە شاری تاران و لە نێو کەسانی بەناو خوێندەوار و چالاکڤاندا، شتەکە زەقتر دێتە بەرچاو. هەرچەند هەر لە شاری تارانیش، زیاتر لە نیوەی خەڵک شانۆکەیان بایکۆت کرد و ڕێژیم بە دەسکاری‏کردنی ئامارەکان، بە زۆرەملێ ٌێژەکەی گەیاندە ٥٠%، بەڵام ئەو ژمارەیەی لە تاران بەشدار بوون، بە هیوای ئەوەی ڕەفسەنجانی و ڕەیشەهری ببنە ڕزگاریدەریان، دەنگیان بەو لیستە جەللادە داوە کە هاوتای لیستەکەی دیکەی جەنەتی وەکوو یەک جەللاد و تاوانبارن و سەرچاوەی تاوانباری و تاڵانکارین لە ئێراندا.

کاتێک لەم ڕووادوە لە ئێراندا دەڕوانی کە لەو نێوەدا کەسانێک چوون بۆ دەنگدان کە خۆیان ئێستاش لە زینداندان و خۆیان بەدەستی ئەم جەللادانە سووکایەتییان پێ کراوە و بە دەستی کەسانی نێو ئەو لیستانە، فەرق ناکا کام لیستیان، کەسێکیان ئێعدام کراوە، بەڵام ڕۆیشتوون دەنگیان داوە و هیوایان پێ هەڵبەستوون، دووبارە بوونەوەی مێژوو دەبینی.

سەردەمێک بە تەبلیغاتی ڕادیۆ بی بی سی، خومەینیان لە خەڵکی ئێران کرد بە ئازادیخواز و وێنەکەیان چەسپاند بە مانگەوە! ئێستاش هەر بە هەمان تەبلیغات و بە هەمان دەزگای تەبلیغاتی، ڕەفسەنجانی و باندە تیرۆریست و جەللادەکەی، کراون بە پیاوی چاکسازییەکان و هیوای لەسەر دادەمزرێنن!

پرسیارێکی گرنگ و بنەمایی لەم نێوەدا خۆی زەق دەکاتەوە: ڕۆشنبیر و لایەنە سیاسییەکان کە پاساویان بۆ دڕندەیی و بیری تاریکی خومینی هێنایەوە، لە ئێستاش‏دا، هەمان کار و کردەوە بە نیسبەت کەسێکیتر لەهەمان ڕەگەز دووپات دەکەنەوە، گەر جاری یەکەم تێی کەوتبوون و فریویان خواردبوو، ئەمجارەش فریویان خواردوە یان بۆ فریودان هاتوون؟