کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئامریکا دوو کەس بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران

12:52 - 30 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئامریکا دوو هاووڵاتی ئێرانی، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیمی ئێران و کۆکردنەوەی زانیاریی بۆ دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.

وەزارەتی دادی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند، دوو هاووڵاتی ئێرانی، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیم  و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر ناوەندێکی یەهوودیی و دژبەرانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئامریکا هاتووە، ئەم دوو کەسە بە ناوەکانی "ئەحمەدڕەزا محەممەدی دووستدار" تەمەن ٣٨ ساڵ کە خاوەن ناسنامە ئێرانی و ئامریکاییە و "مەجید قوربانی" تەمەن ٥٩ ساڵ کە پەنابەری ئامریکایە، لە ڕێکەوتی ٩ی ئاگۆست، لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا دەسبەسەر کراون.

دەسبەسەرکرانی مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا، لە چەند مانگی ڕابردووەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و ڕێژیم سیخوڕەکانی خۆی لە هەموو وڵاتاندا بڵاوە پێ کردووە، هەتا لە ڕێگای ئەو زانیارییانە، بتوانێت زەربە لە دژبەرانی خۆی بدات.

هەر لەم پێوەندییەدا مانگی ڕابردوو، دیپلۆمات تێرۆریستێکی ڕێژیم، بە ناوی "ئەسەدوڵڵا ئەلف" لە ئاڵمان دەسبەسەر کرا، کە پیلانی هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەی موجاهدینی خەلقی لە نزیکی پاریس بە ژن و مێردێک پێشنیار کردبوو، کە ڕێژیم لە بەرانبەر دەسبەسەرکردنی ئەم دیپلۆماتەی خۆی ڕایگەیاند، کە ئەم کارە دۆسییەسازییەکە، کە بە مەبەستی "تێکدانی پێوەندیی نێوان ئێران و ئورووپا" ئەنجام دراوە.