کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵمان خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیریی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵكی ئێران بەڕێوە چوو

14:56 - 14 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان کۆبوونەوەیەک لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بەفرانبار، کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مڕۆڤ ئێرانی لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان گردبوونەوەیەکیان لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران ڕێک خست، بە سەدان کەس بەشداریان کرد و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتەوە و پشتیوانییان لە سەرهەڵدانەکانی خەڵكی ئێران کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات بە زمانی فارسی قسەی بۆ بەشداربووان کرد.

نەقشبەندی لە قسەکانیدا سیاسەتی ڕوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەمبەر زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی ئەو حیزبە لە ڕاپەڕینی گەلانی بەشخوراوی ئێران شی کردەوە و وتی: ماوەی حەوتوویەکە گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد لە دژی پێشێلکاریی و سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، دۆخی نالەباری ژیان و گوزەران و گرانی و هەڵاوسان لە ئێراندا ڕاپەریون. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە نزیک بە چل ساڵە بێ پسانەوە و هەدا دان لە دژی ئەو ڕێژیمە و بۆ دابین کردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ گەلی کورد و سەرجەم گەلانی زوڵملێکراو خەبات دەکات، بە هەموو توانای خۆیەوە پشتیوانی لە ڕاپەرینی ئێستەی گەلانی ئێران دەکات و داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخواز و دێموکراتیکەکان و بەتایبەتیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە یارمەتیدەری خۆپیشاندانەکان لە پێناو ڕووخانی ئەو ڕێژێمە تێرۆریستە و هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی دێموکرات و فیدراڵ بن، کە تێیدا مافی هەموو لایەک پارێزراو بێ.

شەهریار نەقشبەندی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە، ئاژاوەگێڕییەکانی و یارمەتیدانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان کرد و وتی: کە مانەوەی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ هەموو جیهان جێگەی مەترسییە و بە سیاسەتی تێرۆر و دەستێوەردان لە وڵاتان، ئاسایشی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە و لە نێوخۆی وڵاتیش و بەتایبەت لە دژی گەلی کورد دڕندانەترین شێوازی سەرکوت و لەنێوبردن پەیڕەو دەکات.