کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بریتانیا دژی دەوڵەتی ئوتریش خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

12:40 - 23 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی بریتانیا لە بەردەم کۆنسوولخانەی ئوتریش خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ۲۹مین ساڵڤەگەڕی تێرۆری ناجوامێرانەی ڕێبەری کاریزماتیک و لێهاتووی نەتەوەی کورد، دوكتور قاسملووی نەمر، بە دەستی ڕەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هۆگران، خۆشەویستان، لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری لەندەن لە بەردەم کۆنسوولخانەی ئوتریش، بە مەبەستی یادکردنەوەی ڕێبازی ئەو شەهیدە و هەروەها بۆ مەحکوومکردن و ناڕەزایەتیدەڕبڕین سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەتی ئوتریش سەبارەت بە ئەم کارەساتە گەورە و دڵتەزێنە؛ خۆپیشاندانێکی گەورەیان پێک هێنا.

خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان و بەتایبەتی شەهیدانی کارەساتی ڤییەن، کاتژمێر ۲ی پاش نیوەڕۆ دەستی پێ کرد و بە دروشمی پڕ لە ڕق و قین، تێرۆریستان و پاڵپشتانی تێرۆرستانیان ڕووڕەش و مەحکووم کرد.

لە درێژەی بەرنامەکەدا، بەیاننامەیەکی ڕەخنەگرانە و بە زمانێکی تیژ و بە ئینگلیزی، لە لایەن "ئاکام ڕەحیمی" خوێندرایەوە و بە دروشمی بەشداربووانی مەراسیمەکە پێداگریی لەسەر ئەم ڕەخنە ڕەوایانە کرا، کە ئاراستەی کۆنسوولخانەی وڵاتی ئوتریش کرا.

لە کۆتاییدا بەیاننامەی خۆپێشاندانەکە، لە لایەن "قاسم مورتەزازادە" خوێندرایەوە.