کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ترسی گەمارۆوەکانی ئامریکا مۆزەخانەی لۆڤێر لە ئێران کشایەوە

12:04 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لقی مۆزەخانەی لۆڤێر لە شاری مەشهەد، لە ترسی گەمارۆوەکانی ئامریکا کۆتایی بە کارەکانی هێنا و لە ئێران کشایەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، لقی مۆزەخانەی لۆڤێر لە مەشهەد، لە ترسی سزاکانی ئامریکا کۆتایی بە کاری خۆی لە ئێراندا هێنا و مۆزەخانەی خۆی لەو شارە کۆ کردەوە.

محەممەدڕەزا کارگەر، بەڕێوبەری گشتیی ڕێژیم لە کاروباری مۆزەخانە و بەشی ماڵیی مێژووی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی لەم بارەوە لەگەڵ هەواڵدەریی  ئیسنای ڕێژیم وتبووی: "هیچ کۆمپانیایەک ئامادەی بیمەکردنی مۆزەخانەی لۆڤێری لە ئێراندا نەبووە و ئەو کۆمپانیایەی کە بیمەی ئەم مۆزەخانەی لە ئێراندا کردووە، لە ترسی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سزاکانی ئامریکا، ئامادەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی نییە".

پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم دوای بەرجام، ئیدعای "ئاڵۆوێری فەرهەنگیـ"ـیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکرد، کرانەوەی مۆزەی لۆڤێر لە تاران یەکێک لەو بەرنامانە بوو کە شانازییان پێوە دەکرد.

مۆزەخانەی لۆڤێر لە ساڵی ١٧٩٣ زایینیدا، لە شاری پاریس پێتەختی فەڕانسە کراوەتەوە. لە ئێستەدا بە گەورەترین مۆزەخانە لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، کە چەندین تابلۆی ھونەری و شارستانییەتی جیھان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هەر لە  پێش مێژووەوە ھەتا سەدەی ٢١ی لە خۆ گرتووە.