کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە جیاتی ژیانەوەی گۆلی ورمێ، ٦٠٠ هێکتاری دەکرێتە پارک

12:15 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە پرۆژەیەکی نوێدا، لە جیاتی ژیانەوەی گۆلی ورمێ، ٦٠٠ هێکتار لە ڕووبەری وشکبووی ئەو گۆلە دەکاتە پارک.

ڕێژیم لە نوێترین پرۆژە تێکدەرانەکانیدا بڕیاری داوە، کە ٦٠٠ هێکتار لە ڕووبەری وشکبووی گۆلی ورمێ بکاتە پارک، کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی چالاکانی ژینگە و تەنانەت هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ کە وادیارە پشکێکیان لەم پڕۆژە نوێیە بەرنەکەوتووە و بێبەش کراون، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو پرۆژەیە دەربڕیوە.

ڕوحوڵڵا حەزرەتپوور، بەناونوێنەری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم، لە دژکردەوەیەکدا لەگەڵ ئەو پرۆژەیە، وتوویەتی: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵەکان بۆ ژیانەوەی ئەو گۆلە بێئاکام بووە و ستادی ژیانەوەی گۆلی ورمێ ئەگەر لە پرۆژەکانی دەست هەڵگرێت، ئەو گۆلە خۆی نۆژەن دەکاتەوە.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕەخنەی زۆری لە پرۆژەکانی ستادی ژیانەوەی ورمێ گرتووە و باسی لەوە کردووە، کە ئەو پرۆژانە بە کردەیی ناکرێن و خەساری زیاتر دەگەیەنێت بە گۆلی ورمێ و بە زیانی خەڵکە.

حەزرەتپوور، لەسەر پرۆژەی سازکردنی پارک لە ڕووبەڕی وشکبووی گۆلی ورمێ، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەو پارکە، دار و گوڵ دەچێنن و بۆ ئاویاری ئەو فەزا سەوزە، چوار بیری قووڵیان لە کەنارەی گۆلەکە هەڵکەندووە و باسی لەوە کردووە، کە بەکارهێنانی ئاو لەو چوار بیرە بە قەد ئاوی پێویستی دەیان گوندە.

پرۆژە ناکارناسانەکانی ڕێژیم کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەکرێ، هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی ئەو گۆلە بوو و ئێستاش سپای پاسداران دەست لەو پرۆژانە هەڵناگرێت و بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و داهات لەو ڕێگایە بە هەزاران پرۆژە لە سەرتاسەری ئێران جێبەجی دەکات.