کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سویس ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بەرز ڕاگیرا

12:43 - 29 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: به بۆنەی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وڵاتی سویس ڕێوڕەسمیکی بە شکۆ بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی سویس و ئەندامان، دۆستان، لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی کورد دەستی پێکرد.

پاشان "کامران ڕەسووڵی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سویس پەیامێکی پێشکەش بە بەشدارانی ڕێوڕەسمە کرد.

ڕەسووڵی لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە دوای شەهیدبوونی پولێک پێشمەرگەی حیزب لە لایەن کۆمەڵێک هێز و لایەنی سیاسی پەیامی هاوخەمی بۆ کۆمیتەی حیزب هاتووە کە وێڕای سپاس و دەست خۆشی لەو حیزب و لایەنانە ئاماژەی بەوە دا شەهیدان موڵکی نەتەوەی کوردن و هەر ڕۆڵەیەکی کورد کە لە هەر بستێکی خاکی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە شەهید ببێت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شەهیدی خۆی دەزانێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەسووڵی وتی وەک هەمووان دەزانین لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕاسانی ڕۆژهەڵات گڕوتینیکی تایبەتی بە خۆوە گرتووە و ورە و باوەڕبەخۆبوونێکی بەهێزی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕاندووەتەوە.

ڕەسووڵی هەر لەو پێوەندیەدا وتی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەموو خۆشی و نەهامەتییەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بوون و لە هەر شوێنیک کە پێویست بووبێت بە دوور لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی بەشەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانیان لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان کردووە.  

وتیشی چاوەڕوانی ئەوەمان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێز و لایەنەکان و خوشک و براکانمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەوەیە کە پشتیوانی لە خەبات و قوربانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بکەن.

ناوبراو هەروەها لە دریژەی قسەکانیدا وتی: "حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پێوەندی لە گەڵ هێز و لایەنە کوردستانییەکەن هیچ شەرت و مەرجێکی نییە و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی بۆ حیزبی دێموکرات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

پاشان پەیامی هیز و لایەنە سیاسییەکان پێشکەش کرا.

دواتر هونەرمەند "کاوە ئورمیە" پارچە هۆنراوەیەکی لەگەڵ سروودێکی نیشتمانی پێشکەش بە بەشداران کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سویس لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەندی گەوری کورد "ناسر ڕەزازی" کرا؛ هەر لەو بەشەدا بە پێشکەشکردنی لەوحی ڕێزلینان به خاتوو "زیبا سەفەری" وەک بەتەمەنترین ئەندامی حیزب و "خوسرەو ئەحمەدی" کەمئەندامی حیزب لە لایەن کۆمیتەی حیزبەوە ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان گیرا.

لە بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا هونەرمەندان ناسر ڕەزازی، شێرکۆ مەریوانی، گروپی موزیکی فێتی و نەرۆ بەرنامەکانیان ڕازاندەوە.

بۆ ئەو ڕێوڕسمە ئەم حیزب و لایەنە سیاسییانە پەیامیان ناردبوو:

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ پارتی کرێکارانی کوردستان "پ.ک.ک"

ـ پارتی یەکیەتیی دێموکرات " پە.یە.دە"

ـ پارتی سوسیالیتسی کوردستان "پ.س.ک"

ـ پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور

ـ پارتی ماف و ئازادی "هاک پار"

ـ پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سوریە

ـناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ