کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ مانگدا لە پارێزگای کرماشان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٢٧٠٠ کەس کوژراو و بریندار بوون

12:59 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم، لە درێژەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا، لە ڕووداوی هاتووچۆ لە پارێزگای کرماشان ٢٧٠٠ قوربانی کەوتووەتەوە.

ئارتین کەماڵی، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاساییی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە: کە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە بەهاری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە، لەم پارێزگایە ٢٧٠٠ کەس کوژراو و بریندار بوون و تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی یەکەمی ساڵدا، ١٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، بە ڕوونی باس لە ئامارەکە و ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی نەکردووە، بەڵام لە ماوەی تەنیا سێ مانگدا، ٢٧٠٠ قوربانی لە ڕووداوی هاتووچۆدا، ئامارێکی دڵتەزێنە و شک و گومان لە سیستمی هاتووچۆ و ڕێگاکانی پاریزگای کرماشان دروست دەکات.

بەگشتیی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێراندا، بە بەردەوامی قوربانی لێ دەکەوێتە، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان زۆربوونی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران، نەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد و چاوەدێریی نەکردنی پولیسی هاتووچۆوە، هەروەها ناستانداردبوونی ئۆتۆمبیلەکانیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قوربانی بوونی خەڵکە.

کێشەی ڕێگاوبان لە پارێزگاکانی کوردستان قەیراناویترە و ڕێژیم لە بەرامبەر گیانلەدەستدانی خەڵک لە کوردستان کەمتەرخە و بە ڕۆژانە خەڵک لەگەڵ کێشەی هاتووچۆ و وێرانی ڕێگاوبانەکان بەرەوڕوون.