کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فەلسەفەی ڕێژیمی ئێران، کورد شیاوی هەموو جۆرە مردنێکە

13:14 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە کاتی ڕوودانی ئاگرگرتنی دوو ماشین لە نزیک گاراژی سنە ــ تاران، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی یارمەتیدان، خەڵکیان جنێوباران کردووە.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە هۆی پێکدادانی دوو ماشینی هەڵگری سووتەمەنی و مسافێرهەڵگر لە نزیک گاراژی گەورەی سنە، نزیک بە ١٥ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بوونە قوربانی و ژمارەیەکی بەرچاویش بریندار بوون.

هەواڵدەریی کوردستان میدیا لە شاری سنە، باس لەوە دەکات، کە لە کاتی ڕوودانی ئەم کارەساتە، ماشینەکانی هێزی ئینتزامی پێش ماشینی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و خەڵکێک کە بۆ یارمەتیدان لەو شوێنە کۆ ببوونەوە، لەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم لە ئیدارەی ئاگرکوژێنەوە گیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نییە، ناڕەزایەتییان دەربڕێوە، کە بە هۆیەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەگەڵ ئەو خەڵکە بە شێوەیەکی نالەبار و دوور لە مرۆڤایەتی هەڵسوکەوتیان کردووە و تەنانەت خەڵکیان جنێوباران کردووە.

یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، بە ناوی "سەرهەنگ حەقنەزەر"، کە بەرپرسی کەڵانتەریی ١٧ی شاری سنەیە، ڕووی لە خەڵک کردووە و بە دەنگی بەرز وتوویەتی: "ئێوەی کورد، حەقی خۆتانە کە بەم شێوەیە بمرن و شیاوی ئەم جۆرە مەرگانەن"، ئەم قسانەی حەقنەزەر، خەڵکی تووڕەتر کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر ماشێنەکانی هێزی ئێنتزامی، کە لەگەڵ توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: حەقنەزەر، لە کاتی شادی و هەڵپەڕکێی خەڵکی سنە بە بۆنەی گرتنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو کەسانە بووە، کە لە سەرکوت و لێدانی خەڵک دەستێکی باڵای هەبووە.