کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێوەندی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان

17:15 - 29 جۆزەردان 2717

جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

هەر تاکێک جیا لە موختاربوون لە سەر ژیان و چارەنووسی خۆی، لە هەر پرسێکدا لە ڕەهەندی پرسەکانی دیکەی جیهان و بەتایبەتیتر کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر چارەنووسی خۆی حاکمێکی بێ ئەملاوئەولایه و لە پاشان لە ژیانی خۆیدا لە یاسا و ڕێساکان کە لە لایەن حکوومەتەوە نووسراوە جا چ تاکەکەسی بێت یان گشتی پێبەند و بەرپرسیاره.

بە هێنانەوەی ئەو پێشەکییە وا دەردەکەوێت کە تاکی کورد و لە مانای بەرینیدا نەتەوەی کورد حاکم و موختاری چارەنووسی خۆیەتی و هیچ کەس و هیچ نەتەوەیەک بە بوونی هەر جۆرە ناوەرۆکێکی فکری و عەقڵی مافی ئەوەی نییە حاشا لە مافی چارەنووس و بڕیاردان لە جێگای نەتەوەی کورد بکات.

لەوانەیە ئەو ڕستەیە لە گوێماندا ئاشنا بێت کە دەوڵەتە فاشیستییەکان بە نیشتمانپەروەر ناو دەبەن و نەتەوە ژێرستەمەکان بە دوژمنی نیشتمان و یەکپارچەیی گەل دەناسێنن.

دەوڵەتەکان و بەتایبەت حکوومەتە تاکەکەسییەکان خۆیان (ملهۆڕ، دیکتاتۆر، ڕەگەزپەرەست)ـن و ئاساییە که خۆیان توێژێک کە گەندەڵترین و هەلپەرەسترین کەسانی کۆمەڵگایان لە دەوری خۆیان کۆ کردووەتەوە کە جیا لە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە دەسەڵات هیچ ئامانجێکیان نییه.

ئەم جۆره دەوڵەتانەی کە لە سەرەوە باسیان لێوە کرا هەروەها لە دزی و تاڵانکردنی سامانە نەتەوەییەکاندا بەناوبانگن.

لەم جۆرە دەوڵەتانەدا کاتێک تاکەکان نەتوانن قسەیەک لە نەبوونی ئازادی لە کۆمەڵگادا بکەن و بیر و ئەندیشەیەکی نوێ ببەخشنە جەستەی کۆمەڵگا، ئیتر ئازادیی گشتیی ئەو نەتەوەیە قسەیەکی پووچ زیاتر نییە و ئەوەش ڕاست نێوڕۆکی ئەو ڕستەیەی سەرەوە دەردەخات کە دەوڵەتە حاکمەکان هەمیشە خۆیان میهن پرست و لایەنگری ئازادی دەزانن بەڵام لە پەنای ئەودا نەتەوەکان بە دوژمنی ئازادی و وڵات بەئەژمار دێنن!

ئێستا لە نێوان فاشیزمی دەوڵەتانی ناوچە و مافویستیی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا پرسی رێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی باشوور لە کوێدا جێی دەبێتەوە؟ ئایا مانایەک بۆ نەتەوەی کورد هەیە کە داوای مافێک بکات کە دەوڵەتەکان دژایەتیی دەکەن؟

یەکەم: هەر وەک باس کرا مافی دیاریکردنی چارەنووس چ تاکەکەسی و لە مانای بەرینتری ئەودا گشتییەکەی وەکوو سەربەخۆیی مافی هەر نەتەوەیەکە و به هیچ کەس، دەوڵەت و ڕێکخراوێکی غەیر پێوەندی نیه.

دووهەم: نەتەوەی کورد هەر چوار پێوانەی بە دەوڵەتبوونی هەیە و ئەوەیکە دژی ئەو سازی دژایەتی لێ بدات پەلەقاژەیەکی بێئاکامە.
سێهەم: لە پێوەندی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان کە ئەمڕۆکە لە باسە گەرم و گوڕەکانی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی جیهانە دەبێت بڵێین کە ئەو مافە بە درێژایی مێژوو لە نەتەوەی کورد زەوت کراوە و پاش شەڕی جیهانیی دووهەمیش مافی دیاریکردنی چارەنووس بە هۆکاری سیاسی و پرسە نێوخۆییەکانی کوردستان بە ئاکام نەگەیشتووە.

پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی کەوتۆتە بەر هێرش و لە ئاستی ئەدەبی دیپلۆماتیکیش تێپەڕێوە و بێئەدەبیی بەخۆوە گرتووە و بە هەموو هێزەوە دوژمنایەتی خۆیان دەربڕیوە.

حاکمانی ئەو ڕێژیمە لە وشە و چەمکی وەکوو: \'\'دەوڵەتی دووهەمی سەهیۆنیزم، پەرەپێدان بە قەیرانەکانی ناوچە، هەڵەی مێژوویی کوردەکان، تەجزیە تەڵەبانی ڕۆژئاوا، کایەی لە پێش دۆڕاو و هەوڵەکانی سعوودیه و ... کەڵکیان وەرگرتووە.

لە دوایین بابەتدا کە دژایەتی خۆیان لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە لە هەواڵدەریی مهر بابەتێکیان لەژێر ناوی بنویسم کشور کردستان و بخوانیم دولت داعش بڵاو کردووەتەوە.

هەمووی ئەوەیکە گوترا و نووسرا شتێک نییه جیا لە دژایەتییەکی شۆڤێنیستی و تێنەگەیشتوویی کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە؛ چونکە مێژوو عەقڵی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەخاتە تەرازووی هەڵسەنگاندنەوە.

ڕەگەزپەرەستیی (راسیسم) فارس بە تێکەڵاوێک لە وەهمی ئاریایی و ئۆمەتی ئیسلامیی ئەسنا عەشەری ئاکامەکەی بووەتە تێرۆر و کوشتار لە نێوخۆ و دەرەوی سنوورەکان.

لە لایەکی دیکەوە سیاسەتێکی رەگەزپەرستانە کە دەیەوەێ دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچە زیندوو بکاتەوە، دژی گەیشتنی کورد بە مافەکانی، هەڵوێست دەردەبڕێ.

لە وەها هەلومەرجێکدا نەتەوەی کورد وەک یەک نەتەوەی تەواو جیاواز لە هەموو نەتەوەکانی ناوچە و بیری ئاشتیخوازانە بە درێژایی مێژوو و ئێستاکەش نوێنەری جیهان لە شەڕی تێرۆر؛ ئاشکرایە کە لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە دا بکرێتە ئامانج.

هۆکارەکانی دژایەتی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت:

توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە ڕێژیمی ئێران بەو ئیدئۆلۆژیەی ئێستایەوە، کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ڕەهەندەکانی کردەوە و پەرستنی ئایینی شیعەی ویلایەتی فەقیهی کردۆتە مۆتەکەیەک بە سەر ژیانی خەڵکەوە، دژی هەر جۆرە تێکچوونی باڵانسی ناوچەکەیە کە پەرە بە ئازادیخوازی و بیرکردنەوەی جیاواز بدا.

هۆکاری جیاوازی دیکە لە بارەی پەرەگرتن و گەورەبوونەوەی دژایەتی ڕێژیمی ئێران بۆ سەربەخۆیی بۆ ئەم چەند خاڵەش دەگەڕێتەوە:

ـ سەرکەوتنی گوتاری بەسۆز ـ هەستی شیعەی ویلایەتی فەقیهی و بەدوای ئەودا گەشەی ئەدەبیاتی مەزهەبی تایبەت

ـ سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی لە پەرەپێدان و کۆنتڕۆڵی کۆبوونەوە مەزهەبییەکان بە ئامانجی وەک دروستکردنی دەفرایەتی بۆ بەسیجی تودەیی.

ـ هۆکاری ڕەوانی ـ کۆمەڵایەتی پێوەندیدار بە کۆمەڵگای دینداران (بە تایبەت لاوانی دیندار) وەک پێویستی بە فەزای خاڵی کردنی ڕەوانی ـ دەروونی

- پەرەدان و هەوڵی زاڵکردنی خوێندنەوەیەکی چەواشە لە مێژووی کۆنی ناوچەکە، کە تێیدا تەنیا هەخامەنەشی و کورووش و ... وەکوو ئوستوورەی رزگاریدەر بناسرێن و هەموو کەلتوورەکانی دیکە وەکوو کەلتووری دژە شارستانی ناو ببەن. بەو شێوەیە مێژووی گەلانی دیکە و بەتایبەت کوردەکان بخەنە ژێر هێژمۆنیی چەواشەکراو و نەتەوەکانی دیکە لە کۆیلەتیدا رابگرن.

بە هێنانەوەی ئەو خاڵانە دەتوانین بەو ئامانجە بگەین کە ڕێژیمی ئێران دەزانێت کە سەربەخۆیی کوردستان شوناسی ئەسڵی لە باری جوغرافیایی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ تاکی کورد دەگەڕێنێتەوە کە ئەوەش ڕاستەوخۆ جیابوونەوەی نەتەوەی کورده لە باقی نەتەوەکانی دیکە بۆ بوون بە دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ.

بە کورتی پرسی سەربەخۆیی کوردستان پێوەندیی بە نەتەوەی کورد و ڕێبەرانی کوردەوە هەیە نەک کەسانێک کە لە پشت پەردەن و رووی راستەقینەی سیاسەتەکانیان جینایەت و کوشتار و دژەئاوەزییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.