کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە کێشەی بێئاوی بە هۆی هەڵەکانی خەڵکە

12:52 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هۆکاری بێئاوییان لە ئێراندا خستە ئەستۆی خەڵکەوە.

"عەبدولڕەزا ڕەحمانیی‌فەزڵی" وتوویەتی: "لە نان سەنگەکەوە بگره هەتا پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆی دەوڵەتە، ئاخر کام دەوڵەت لە جیهاندا ئاوایه". ناوبراو وێڕای پێداهەڵگوتن بە ڕێژیم و کار و کردەوەکانی، کێشە و گرفتەکانی خستووەتە ئەستۆی خەڵکەوە.

وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، بە نیسبەت کێشەی ئاو و قەیرانە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، دانی بەوە دانا کە ئێران تووشی بێئاوییەکی مەترسیدار بووە؛ بەڵام هۆکاری ئەو کێشەیەی خستە ئەستۆی خەڵکەوە و وتوویەتی: کە خەڵکی ئێران نازانن ئاو بەکار بێنن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرگریی لە ڕێژیم و چارەسەریی کێشەکان هێرشی کردووەتەوە سەر خەڵکی ئێران کە هۆکاری کێشەکانی ئێران خەڵکە؛ بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی هەڵە و دواکەوتووانە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی ئاو و سروشت، لە دارستان و لەوڕەگەکانەوە بگره هەتا بەشی وەرزێڕی و بەنداوسازی، ئاکامی ٤٠ ساڵ سیاسەتی هەڵەی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەیە.

قسەکانی ڕەحمانیی‌فەزڵی بۆ ئەوەیە کە خەڵک بکاتە شەریکی تاوان و هەڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

قەیرانەکانی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە جیاتی ئەوەی کە کێشەکان چارەسەر بکەن، کار و کردەوە هەڵەکانی خۆیان دەخەنە پاڵ خەڵکی ئێران و بە پیلانی دوژمنانی دەزانن.