کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ٥٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ خۆداپۆشینن، کەمیان کردووە

13:20 - 7 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: خۆداپۆشین لە ئێراندا کە یەکێک لە سیاسەتە زۆرەملێیەکانی ڕێژیمی ئێرانە، لە لایەن خەڵکی ئێران بەتایبەت ژنان، بەردەوام دژایەتی کراوە.

ناوندەی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە گشتپرسییەک کە لە دامەزراوە جیاوازەکان کراوە، ڕایگەیاندووە، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە خۆداپۆشین بەپێی شەرع هەیە و یان لەسەر ئەو باوەڕەن، کە حکوومەت دەبێت لەگەڵ "خۆدانەپۆشین"بەرەوڕوو ببێتەوە، ناوەناوە کەمی کردووە.

بەپێی ئەم گشتپرسییە، کەسانی باوەڕمەند بە خۆداپۆشین، لە نێو چێنی خوێندەوار، لاوان و ئەو کەسانەی کە دەستی بە ڕاگەیاندن و بەرهەمە فەرهەنگییەکان ڕادەگات و یان ئەو کەسانەی کە داهاتێکی باشیان هەیە، لە ئاستێکی نزمدایە.

ئەم ناوەندە هەروەها باسی لەوەش کردووە، کە لە پێوەندی لەگەڵ ڕادەی خۆدانەپۆشین لە شار و گوندەکان جیاوازییەکی ئەوتۆ بەرچاو ناکەوێت.

هەر بەپێی ئەم توێژینەوە، لە کۆی گشتیی ٣٥ لەسەدی خەڵکی ئێران، خۆداپۆشین بە بەها و نرخی کۆمەڵایەتی دەزانن و ئەم پێوانەیە لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٥٧ی هەتاوی، ٥٠ لەسەد دابەزیوە.