کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ٩ میلیارد دۆلار بێسەروشوێنە

12:27 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بە وتەی نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم، ٩ میلیارد دۆلار کە بەپێی نرخی دیاریکراوی دەوڵەت داڕێژراوە، بێسەروشوێنە.

عیزەتوڵڵا یووسفیان مەلا، ئەندامی کۆمیسیۆن و بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕەخنەی ناڕوونی لە ڕەوندی دراوی دەوڵەتیدا گرتووە و وتویەتی: لە ١١ میلیارد دۆلار دراو تەنیا ٢ و نیو میلیارد دۆلاری ڕوونە کە چی لێهاتووە، ئەوەی دیکەی ناڕوونە کە چی بەسەر هاتووە.

هەروەها باسی لەوەکردووە، پێویست ناکات هاوردەکردنی کاڵا بە نهێنی بێت و ڕێژەی پێویست لە دەرمان و خواردن دیارە و بە نهێنیکردنی هاوردەکردن دەبێتە هۆی ناڕوونی و گەندەڵی لە وڵاتەدا.

نادیاربوونی وەها سامانێکی بەرفراوانی خەڵکی ئێران یەکەمجار نییە کە دێتە بەرباس، بەڵکوو مانگی پێشووش لە لایەن هەواڵدەریی ئیسناوە باسی لێ كرابوو.

بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ نادیاربوونی ئەم ٩ میلیارد دۆلارە بیانووی ئەوەی هێناوەتەوە، کە هاوردەکردنی کاڵا چەند مانگێکی پێویستە و ئەگەر کاڵایەک تا ئێستا هاوردە نەکراوە بەو مانایە نییە، کە هەرگیز ناهێنرێت.

پێشتریش حەسەن ڕۆحانی داوای لە بانکی ناوەندی کردبوو، کە ناوی ئەو کەسانەی بوودجەیان بۆ هاوردەکردنی کاڵا پێ دراوە، بۆ بیروڕای گشتی بڵاو بکاتەوە، بەڵام بانکی ناوەندی تەنیا ناوی هەندێک لەو کەسانەی بڵاو کردبووەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەم بارەوە، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕ بڵاوی کردبووەوە باسی لەوە کردووە، کە لەو ١١ میلیۆن دۆلارەی بانکی ناوەندیی، کە بە هاوردەکەرانی داوە، تەنیا ناوی هاوردەکەرانی ٣ میلیارد دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە ئاشکرا کراوە و ٩ میلیارد دۆلاری بێسەروشوێنە.

هەروەها مەحموود سادقی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ١٩ی گەلاوێژ لە تویتێکدا ڕەخنەی کە بانکی ناوەندیی ڕێژیم گرتبوو و نوسیبووی: "بانکی ناوەندی ڕوونی کردووەتەوە کە ٩ میلیارد دۆلارەکە لەسەر جێی خۆیە، بەڵام پرسیار لێرەدایە کە بۆچی لە بارودۆخی ئێستادا دۆخێکی لەم چەشنەیان بۆ دۆلارەکان دروست کردووە؟".

ئەمە جاری یەکەم نییە لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، بوودجە و داهاتی خەڵکی دەدزدرێن و نازانرێت کە لە چیدا خەرج کراون، لە دەوڵەتی پێشووشدا دەکەڵێکی نەوت بێسەروشوێن کرا.