کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی لە کوردستان قەدەغە کرا

19:23 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران داوایان لە خەڵک کردووە، جلوبەرگی خاکی لەبەر نەکەن.

بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری شنۆ بە توندی هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی بەشداربووی فێستیڤاڵی گێلاسی ئەو شارە کردووە، بە هیچ جۆرێک حەقی ئەوەیان نییە بە جلی خاکی لەو فێستیڤاڵەدا بەشداری بکەن.

هەروەها ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، شۆرای تەئمینی شار و گۆندەکانی شاری شنۆی ئاگادار کردووەتەوە، لە ئەگەری لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە ڕۆژی فێستیڤاڵی گێلاس و شوێنە گشتییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان، لەگەڵ سزای یاسایی بەرەڕوو دەبنەوە.

هاوکات، بەرپرسانی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیم تەنانەت بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە فەرمانداری شاری شنۆ لە کۆبوونەوە گشتییەکان بۆی نییە بە زمانی کوردی قسە بکات.

هەروەها ئەو دوو بنکە نیزامی و ئەمنییەتییەی ڕێژیمی ئێران لە شاری شنۆ ڕایانگەیاندووە،  شۆرا و دێهیارەکان، هاوکاریی ئێمە بن بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لە سەر حیزبە کوردییەکان کە خەریکی کار و چالاکین لەو ناوچەیە، بدەن.