کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٥ لەسەدی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوینییەکانی ئێران لەنێو چووە

12:34 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی ئاو لە ئێراندا، هەتا ئاستێك چووە، کە پاشەکەوتی ئاوە ژێرزەوینییەکان بەرەو تەواوبوون دەڕوات.

عەلی ئەکبەری، ئەندامی کۆمسیۆنی وەڕزێری، ئاو و سەرچاوە سروشتتیەکانی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، وتوویەتی: ٨٥٪ی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوینییەکانی ئێران لەنێو چووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، ئاماژەی بەوە کردووە، لەم قەیرانەدا کە لە ئێران سەری هەڵداوە، پاشەکەوتی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوینییەکانی ئێران، کە بە میلیۆنان ساڵ لە گۆلە ژێرزەوینییەکان کۆ بوونەتەوە، بە هۆی هەڵگۆزینی لەڕادەبەدەر، بەرەو تەواو بوونە و نەوەی داهاتووی وڵات بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، بێئاوی هەڕەشەیە لەسەر ٧٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران و ٩٧ لەسەدی ڕووبەری ئێران لەگەڵ وشکەساڵی درێژخایەن بەرەوڕوون.

بەرپرسان و دەزگاکانی ڕێژیم، بە بەردەوامیی لەسەر قەیرانی ئاو هۆشداری دەدەن و هەر ڕۆژە ئامارێکی نوێ لەسەر وشکەساڵی و کەمئاوی بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام هیچ کام لەو بەرپرسانە ئاماژە بە هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە ناکەن و تەنانەت بەشێکیان خەڵک بە تاوانبار دەزانن.