کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ لەسەدی هاوسەرگیرییەکان لە پارێزگای کرماشان دەگەنە قۆناغی جیابوونەوە

11:57 - 1 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە نێوان پێکهێنەرانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای کرماشان، لە ٥ ساڵی یەکەمی ژیانیاندا، ١٤ لەسەدیان لە یەک جیا دەبنەوە.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ئێران، فاتمە حاتەمی، بەرپرسی گرووپی فەرهەنگی و پەروەردەی ئیدارەی گشتیی وەرزشی لاوانی کرماشان، لە دووهەمین دانیشتنی دامەزراوەی ڕێکخستنی کاروباری لاوان، باسی لە تۆمارکردنی ١٧هەزار و ١٤٤ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ساڵی ڕابردوودا کرد و وتوویەتی: لە نێوان هەر ١٠٠ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، ٣٠ حاڵەتیان لە یەک جیا دەبنەوە.

هەروەها ئاماژەی بە کەمبوونەوەی  ١٤ لەسەدیی هاوسەرگیرییەکان لە ساڵی ٩٦ لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٥دا کردووە و وتوویەتی: هۆکاری سەرەکیی ئەم تەڵاقانە لەم پارێزگایە، نەبوونی لێکتێگەیشتن و سازان، بێزاربوون لە ژیان، کێشە دەروونییە بالینییەکان و گیرۆدەبوون بە ماددەهۆشبەرەکانە.

بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق و زۆربوونی منداڵانی تەڵاق کێشەگەلێکن، کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا هەن و دەتوانرێت بێکاری و ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی لێ بکەوێتەوە، هەروەها گیرۆدەبوون بە مادەهۆشبەرەکان و کێشە ڕۆحی و دەروونییەکان وەک هۆکاری جیابوونەوە و تێکچوونی بونیاتی بنەماڵەکان لە قەڵەم دەدرێت.