کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەگەڵ دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکان یەک میلیۆن کەس لە ئێراندا بێکار دەبن

12:10 - 14 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا:  وەزیری کاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە: لە کاتی دەسپێكردنەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، یەک میلیۆن کەس بە بێکارانی ئێران زیاد دەبێت.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ، عەلی ڕەبیعی وەزیری کار و خۆشگوزەرانی ڕێژیم، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "ئیعتماد" باسی لە ئەگەری بێکاربوونی یەک میلیۆن کەس بە هۆی دەسپێکردنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیم کردووە.

عەلی ڕەبیعی، وتوویەتی: دەبێت لەگەڵ خەڵکدا ڕاستگۆ بین و بڵێین، کە چووینەتە نێو شەڕێکی ڕاستەقینەوە و پێویستمان بەوەیە کە خەڵک باوەڕی زیاتری بە حکوومەت هەبێت و ئاقڵانەتر بجووڵێتەوە.

هەروەها ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو: ئەگەر ڕێژیم لە کاتی دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکان هیچ کارێک ئەنجام نەدات، زیاتر لە یەک میلیۆن کەس بێکار دەبن.

ئەم قسانەی عەلی ڕەبیعی لە کاتێکدایە، کە ئێران  لە دۆخێکی ئابووریی دژواردایە و بەپێی ئامارێکی بڵاوکراوە لە لایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمەوە  ڕێژەی بێکاری بە ١/٤٠ لەسەد مەزەندە کراوە، کە دەکاتە ٢٦.٥ میلیۆن کەس، دەکرێت ئەم ڕێژەیە زۆر لەمە زیاتریش بێت.

لە ڕاستای دەسپێکردنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان، نرخی تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە کە بووەتە هۆی خراپتربوونی باری ئابووری و ڕۆژانە شایەتی دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکار و داخرانی کۆمپانیاکانین.