کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی لەلایەن هاووڵاتیانەوە جێبەجێ دەکرێت

18:49 - 18 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا:  پێویستی و گرینگی زمانی کوردی لە نێو هاووڵاتیانی کورد بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لەوان خۆیان لە پێناو جێبەجێکردنی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی هەنگاو هەڵێنن.

لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری پیرانشار، مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی لە بواری مافی خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی، لەلایەن یەکێک لە بەڕێوبەرانی ئەم نەخۆشخانەیە کە خەڵكی سەردەشتە جێبەجێکراوە و لە سەر تابلۆکانی چوونە ژوورەوە بۆ ناو بەشەکانی نەخۆشخانەکە لە پاڵ زمانی فارسی بە زمانی کوردیش نووسراوە، کە خەڵک پێشوازییان لەم کارە کردووە و بە خێرای لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە.

پێشتریش کارێکی لەم چەشنە لە پارێزگای کرماشان و هەروەها لە مێنۆی خواردنی ڕستووران، کافەتریاکان و هەروەها لە سەر کارتی ویزیتی شیرکەت و دووکانی شاری سنەش بینرابوو.

سیاسەتی توانەوە و ئاسێمیلاسیۆن لە شارەکانی کوردستان ساڵانێکە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێت و ڕێژیم بێ گوێدان بە مادەکانی یاسای بنەڕەتی پەسەندکراو لەلایەن خودی باڵادەستانی ڕێژیمەوە، مافی هاووڵاتیان پێشێل دەکات و لە ڕاستای لەناوبردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە تێدەکۆشێت، کە لەم بارەوە دەتوانرێت ئاماژە به قەدەغەکردنی ناونانی منداڵان بە کوردی لە ئیدارەکانی "ثبت احوال"  و لابردنی تابلۆی دووکان و فرۆشگاکان لەم شارانەدا بکرێت.