کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماندێلای کوردستان، ٢٦ ساڵ زیندان و بێ مەرەخەسی

15:24 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: پارێزەرێکی کورد خەڵکی شاری سنه حوکمی ٢٦ ساڵ زیندانی بۆ سیاسییەکی کورد بە خەمناک و ستەمکارانە وەسف کرد.

حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری پایە یەکی دادگۆستەریی لە دیدارێکدا لەگەڵ عوسمان مستەفا پوور یەکێک لە دێرینەترین زیندانیانی سیاسیی لە کوردستان و ئێراندا، ناوبراوی بە ماندێلای کوردستان وەسف کرد و ڕایگەیاندووە: \'\'ئەو لیاقەتی ئازادی هەیە و ئەلحەق دەبێ ئەو وەکوو سیمبولی خۆڕاگری بزانین، چونکە تەحەموولی ٢٧ ساڵ زیندان بێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی زۆر زۆر سەخته.

ئەو پارێزەرە کوردە دەڵێت: \'ئەو لە پاریس و لەندەن و... نییه، بەڵکوو لە گۆشەی زیندانێکی تاریکی ورمێدایە. ئەمڕۆ کاتێک ٢٠ خولەکێک بە شێوەی حزووری قسەم لەگەڵ کرد، دەریایەکی سەرسووڕهێنەر لە سەبر، گەورەیی و ئیرادەم لەودا دیت.

حوسێن ئەحمەدی نیاز دەڵێت: \'\'ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەمە، پارێزەریی عوسمان مستەفاپوور وەبەر من کەوت تا لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزم عوسمان موزەیەن، پرۆسەی بەرگری لە ناوبراو دەست پێ بکەین.

عوسمان مستەفاپوور تووت فەڕەنگی زەنگیانە کە بە دەستی هونەرمەندانەی خۆی دروستی کردووە، وەک حق الوکالە پێشکەشی حوسێن ئەحمەدی نیازی کردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردەی خەڵکی پیرانشار پاش زیاتر لە ٢٦ ساڵ زیندانی هێشتا لە مافی ئازادی ڕەوا و مورەخەسی بێبەرییە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە خەرمانانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەیتەرگەوەڕی شاری ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ڕێژیم، بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی، پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر چابک حوکمی زیندانی عوسمان مستەفاپوور بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە ڕەنج نامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە نەخەوتووەكانی سەرانسەری دونیا داوای کردبوو كە بە لێكۆڵینەوە كردن لەبارەی ڕەوتی دادگایی و بە فیڕۆچوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیی، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیددیعا و بانگەشەی بێبنەما بە فیڕۆ بچێت.