کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی شار، دەنگی دلێری شاخە

22:44 - 16 پووشپەڕ 2716

کەریم پەرویزی

خەباتی کورد لە پێناوی گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆی دەیان و بگرە بە سەدان ساڵە درێژەی هەیە و لە بەشی جیاوازی کوردستان و لە بڕگەی جیاوازی مێژووییدا بە شکڵ و شیوازی جۆربەجۆر درێژەی هەبووە.

لەم خەباتە دوور و درێژەی کورددا کە پڕە لە هەوراز و نشێو و پڕە لە شکست و سەرکەوتن و پڕە لە پەژارە و سەرفرازی، ڕێکار و ڕێگای جۆربەجۆر گیراوەتە بەر تاکوو نەتەوەی کورد بە ئامانج و ئاکامەکانی بگا.

لە ڕەوتی خەباتدا، ڕێبەرانی خەباتکار و ڕێڕەوانی تێکۆشەری ئەو ڕێبازانە، لە شێوازی جیاواز بۆ تۆزقاڵێک پێشخستنی تێکۆشانی نەتەوەی کورد کەڵکیان وەرگرتوە و لەم ئەزموونە پڕ شکست و سەرکەوتنەدا هەموو شێوازێکی خەبات تاقی کراوەتەوە.

لێدوان و وتەیەکی باو لە نێو ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانی کورددا هەیە کە بە تێپەڕینی کات چۆتە نێو ئەدەبیاتی گەلەوە و بۆتە شتێکی باو لە نێو خەڵکدا کە دەڵێن کورد تەنیا یەک دۆست و پاڵپشتی هەیە ئەویش شاخەکانی کوردستانە.

ئەم ئەزموونە تاڵە لەو ڕووداوە مێژووییانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا خەباتی شۆڕشگێڕانی کورد لە بێ دۆستی و پشتیوانی نەکردنیانەوە تەنانەت لە لایەن ئەوانەشەوە کە ئیدیعای دۆستایەتیی گەلانیان کردووە، دووبارە و دووبارە و چەند بارە پەنایان بردۆتە بەر شاخەکانی کوردستان، تاکوو ڕێبازی خەبات زیندوو ڕابگرن و شاخ بۆتە هێمای بەرخۆدان.

ئێستا و دوای دەیان ساڵ ئەزموونی تاڵ و شیرین لە خەباتی کورد، کوردستان بەگشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی دەبێ گەیشتبێتە ئەو باوەڕە کە دروستە کە شاخ هێمایە بۆ خۆڕاگری و بەرخۆدان، بەڵام بە پێشکەوتنی جیهان و بە گەورەبوونی شارەکانی کوردستان و بە گۆڕانکاریی بنەمایی لە کۆمەڵگای جیهانی و ناوچەیی و کۆمەڵگای کوردستانیشدا، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە شار ببێ بە ناوەندی گۆڕانکاریی کوردستان و لە شارەوە خەڵک خەباتیان چڕتر بکەنەوە بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسیان، چوونکە لە لایەکەوە شار و کۆمەڵگای کوردستان لە شاردا، خاڵی لاوازی ڕێژیمی سەرکوتکەرە و لەبەرانبەر شاردا پاشەکشە دەکا و لە لایەکی دیکەوە کوردستان و خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد پشتیوانێکی دیکەی دۆزیوەتەوە ئەویش خودی کۆمەڵگای نیشتەجێی شار.

بەڵام لەم نێوەدا دەنگی شاخ، نەک دەنگی فەرامۆشکراو و پەراوێز خراو نابێ، بەڵکوو شاخی خۆڕاگر و هێمای خەبات و بەردەوامیی کۆڵنەدان، زایەڵەی لە شاردا دەبیسێتەوە و شاری کوردستان بە مانگرتنی خۆی، دەبێ بە دەنگی دلێری شاخ.