کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کامیوندارانی ئێران بەردەوامە

11:29 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی سەرتاسەریی کامیوندارانی ئێران، لە هەمبەر گرانیی پارچە و کەرەستەی ماشینەکانیان، بیمەی خانەنشینیی، سەرەوەبوونی نرخی کۆمسیۆنەکان بەرددەوامە.

کۆمەڵێک وێنە و گرتەی ڤیدئۆیی لە ڕێگاوبانە چۆڵەکانی ئێران، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، باس لە خولێکی نوێی مانگرتنی کامیونداران دەکات، کە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ ١٣٩٧ی هەتاوی دەستی پێ کرد و ڕۆژێ دواتریش لە چەندین شاری دیکە ئێراندا پەرەی سەندووە.

خولی نوێی مانگرتنەکان پاش ئەوەی دەستی پێ کردووە، کە وادە و بەڵێنیی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، بەرپرسی ڕێکخراوی تەئمینی ئیجتماعی و نوێنەرانی دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگیراوە و ئەنجومەنی سینفیی شۆفێری کامیونەکان کە لە دامەزراوەکانی ڕێژیمە، لە ٢٩ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو، کە شۆفێری کامیونەکان هیچ مانگرتنێکی سەرتاسەری بەڕێوە نابەن.

مانگرتنی پێشووی کامیونداران کە ماوەیەک بوو، بە چوونەسەرەوەی نرخی ٢٠ لەسەدیی کرێی بارەکانیان کۆتایی پێ هات، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی کرێ بارەکان، پارچە و کەلوپەلی کامیونەکان چەند قات لەم ڕێژەیە گرانتر بوون، کە ئەم مانگرتنە نوێیەی بە دواوە بووە.