کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەدجەواد زەریف ڕەتی دەکاتەوە دانیشتنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەبێت

12:47 - 12 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە هیچ بەرنامەیەکی بۆ دانیشتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە سینگاپووردا نییە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بۆ بەشداریکردن لە ٥١هەمین دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ناسراو بە "ASAN"، سەفەری کردووە، کە لە وڵاتی سینگاپووردا بەڕێوە دەچێت و لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی ڕێژیم "ئیرنا" باسی لەوە کردووە، کە هیچ دانیشتنێكی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وڵاتی سینگاپور نابێت.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "دانیشتنمان لەگەڵ ئامریکا زۆر هەبووە، لەوانەیە لەم دوو ساڵەدا زۆرترین دانیشتنمان هەبووبێت، بەڵام دەوڵەتی ئێستای ئامریکا نیشانی داوە کە پێبەندی ڕێککەوتن و بەڵێنەکانی خۆیان نین".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ئامریکای بە "گیرۆدەبوون" بە گەمارۆ پێناسەکردووە و وتویەتی: "بێباوەڕی بە بەڵێنەکانی ئامریکا شتێكی ڕاستییە، ئەم بێباوەڕییە نەتەنیا لە ئێراندا بەڵكوو لە هەموو جیهاندا هەیە".

ئەم قسانەی زەریف لە کاتێکدایە، کە دانڵد ترامپ ڕۆژی ٨ی گەلاوێژ باسی لەوە کردووە، ئامادەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دانیشتنی بێمەرجیان هەبێت.

لەم بارەوە محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسداران، قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قدس و عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، کاردانەوەی توندیان لەسەر دانیشتن لەگەڵ ئامریکادا هەبووە و ڕەتیان کردووەتەوە.

عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی، ڕۆژی پێنجشەممە وتبووی: "ئامریکا لە سێ ئاستی نیزامی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران ڕاوەستاوە، بەڵام خودی ئەوانیش "ئامریکایییەکان" دەزانن، کە لە ئاستی نیزامیدا کارێکیان لەدەست نایە".

ناوبراو وتوویەتی: گرینگترین پێشمەرجی بۆ دانیشتن لەگەڵ ئامریکا ئەوەیە، کە دەبێت ئامریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و داوای لێبوردن لە هەموو دنیا بکات.