کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: حیزبی دێموکرات، حیزبێکی جیگای باوەڕی خەڵکی کوردستانه

19:48 - 23 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: تەلویزیۆنی تیشک ، لە سەر ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دوایین ڕووداوە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران، لەگەڵ "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتووێژێکی پێک هێناوە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو وتووێژەدا لەبارەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێگە و جێگەی ئێستای حیزبی دێموکرات، وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان باسی لەوە کرد، ئەگەر موقایسەیەک بکەین کە ٧٣ ساڵ لەمەربەر حیزبی دێموکرات دامەزراوە و لەو ئاڵۆگۆڕانەی کە لەو فاسیلە زەمانییەدا بە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە، ئەو گیروگرفتانەی وەکوو ئینشعابەکان، تێرۆری ڕێبەرانی حیزب، زەخت و گوشارەکانی ڕێژیمی پەهلەوی و تاران و بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دۆخی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا و کوردستانی ئێران کە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە؛ دەتوانم بڵێم بە خۆشییەوە دوای ئەو هەمووە گیروگرفتانە کە لە سەر ڕێگای حیزب بووە، ئێستاش حیزبی دێموکرات پێگەیەکی زۆر بەرزی لە نێو خەڵکی کورد بە گشتی و بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵاتدا هەیە.

هیجری لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی خەباتی ئێستای حیزب و تێچووەکانی ئەو خەباته ڕایگەیاند، کاتێک باسی تێچووی زۆر دەکەی لە خەباتدا لە دەستدانی پێشمەرگەیەکیش بۆ خۆی تێچوویەکی زۆره. بەڵام کاتێک حیسابی ئەوە دەکەی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات لەپێناوی بە دەستهێنانی مافەکانی خۆیدا ئامادەی خەباتە، دەبێ ئامادەگیشی هەبێت بۆ قوربانیدان. ئێستاش حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵکدا و پێشوازی خەڵک لە پێشمەرگە کەم وێنەیە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵامی ئەو پرسیارە کە دەوترێ ئێستاش بە ترس و شەرمەوە باس لە مافەکانی گەلی کورد و شێوازەکانی خەباتتان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا دەکەن و ئەو قسەیە چەندە ڕاستە؟ باسی لەوە کرد؛ ئەگەر لە سەر حیزبی دێموکرات قسە بکەم  ئێمە بە ڕاشکاوی لەگەڵ هەر لایەنێک چ ئێرانی بێت چ غەیری ئێرانی بێت، قەت نەمانویستووە بە جۆرێک قسە بکەین کە ئەو لایەنە پێی خۆشە، بەڵکوو ئێمە پێداگریمان کردووە لە سەر ویست و داخوازییەکانی خۆمان. ئەو ویست و داخوازییانەی  که ئێمە نوێنەرایەتی دەکەین ویست و داخوازیی خەڵکن. ئێمە حیزبێکی خەڵکین، خەڵک چی بیهەوێت ئێمە دەبێ ئینعکاسی دەنگی خەڵک بین. هەروەها ئێمە بە ڕاشکاوی قسەی خۆمان دەگەڵ هەر لایەنێک کردووە جا ئەو لایەنە پێی خۆش بێت یا نا، ئەوە بۆ ئێمە موهیم نەبووە.

مستەفا هیجری لەبارەی  ئەو پرسیارە کە موجاهیدنی خەلق و سەڵتەنەتخوازەکان دەیانهەوێ خۆیان وەک ئاڵتێرناتیڤ پێشان بدەن و لەبارەی متمانە بەو دوو هێزەوە گوتی: "با لە پێشدا ئەوە بڵێم کە لە باری نێونەتەوەییەوە نە موجاهیدن و سەڵتەنەت تەڵەب هیچ پشتیوانییەکیان نییه. ئەوەی کە سێناتۆرێکی ئامریکایی یا ئەندام پارلمانێکی ئورووپا باس لە موجاهیدنی خەلق و سەڵتەنەتخوازەکان دەکات ئەوە بە مانای پشتیوانیی نێونەتەوەیی نییە. هەروەها هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی و تەنانەت وڵاتانی دیکەش ڕایاننەگەیاندووە کە پشتیوانی لە خەباتی ئەو دوو هێزە دەکەن.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوایین قسەکانیدا ڕوو لە خەڵکی تێکۆشەر و فیداکاری کوردستان گوتی ئەو پێشوازییەی گەرم و گوڕەی کە خەڵک لە پێشمەرگەکان وەکوو ڕۆڵەکانی خۆیان دەیکەن، هەروەها شاخ وەکوو بەهێزترین پشتیوانی خەڵک بە ڕاستی سپاسیان دەکەم و پێشوازیی گەرمی ئەوان لە پێشمەرگە، ئێمە موتەعەهیدتر دەکات لەبەرانبەر ویستی خەڵکدا.

دەقی ئەو وتووێژە لە تەلویزیۆنی تیشک بڵاو دەکرێتەوە.