کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دەوڵەتی ئاڵمان بە قورسایی خۆی دەتوانێ لە جیهاندا پاڵپشتیی کوردەکانی ئێران بکات

22:03 - 10 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رۆژنامەی بیڵدی ئاڵمانی لە بارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد و کوردستان، وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێکهێناوە.

دەقی ئەو وتووێژە کە لەلایەن رۆژنامەنووس \'\'ئانتیێ شیپمان\'\' رێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی پێکهاتووە و لە رۆژنامەی بیڵد بڵاو بووەتەوە، بەم چەشنەیە:

ئایا کورد رێژیمی ئیرانی پێ دەڕووخێندرێت؟

له کاتێکدا ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ گەیشتن به رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران چڕ کردووەتەوه، شەپۆلێکی ناڕە‌زایەتی، باکووری رۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) گرتەوە.

گەلی کورد، سێیەمین نەتەوەی گەورەی ئێران، سەرەتای مانگی مەی رژانه سەر شەقامەکان و له‌لایەن هێزەکانی رێژیمەوه سەرکوت کران.

له ئێراق و بەشێکی سووریه، کورد رۆلێکی گرینگیان هەیه، بە تایبەت له شەڕ دژ به دەوڵەتی ئێسلامی وەک قارەمان دەرکەوتوون. ئایا کوردەکانی ئێرانیش دەتوانن ببنه هێزێک که ئێران حیسابیان بۆ بکات؟

له بێرلین چاومان به مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوت. هیجری باسی خراپیی رە‌وشی نەتەوه بن دە‌ستەکانی ئێرانی کرد و هوشداری دا که رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ناوکی لەگەڵ ئێران، دەتوانێ رێژیم له ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا زیاتر بەهێز بکات و دەستی بۆ سەرکوتی ئوپۆزسیۆن کراوەتر بکات.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن پۆلیسەوه ئێسکۆرت دەکرێت. رێژیمی ئێران مەترسیی بۆسەر ژیانی دروست کردووه. ساڵی ١٩٩٢ تیمێکی تێرۆریستیی سەربه ئێران له رێستورانێکی بێرلین چوار کوردیان کۆشت. یەکێک لەوان سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات بوو.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانە له شاری مەهاباد دەستیان پێ کرد. هۆکاری ئەم ناڕە‌زایەتییانه، گیان له دەستدانی کچێکی کورد بوو که له نهۆمی چواری هۆتێلێکدا خوی فڕە دابووه خوارێ.

دەگوترا کەسێکی سەربه رێژیم هەوڵی دەستدرێژی کردنی بۆسەر ئەو کچه داوه. ئەو کچه که لەو هۆتێله کارمەند بوو، هیچ رێگایەکی دیکەی بۆ دە‌ربازبوون، نەبوو.

فەریناز خوسرەوانی، ٢٥ ساڵه، به خۆخستنەخوارەوه، کۆتایی به ژیانی هات. هەر پاش ئەم رووداوه به هەزاران کەس رژانه سەر شەقامەکان و دەستیان به دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد. هیجری دەڵێ، هێزەکانی رێژیم به توندی خەڵکی ناڕازییان سەرکوت کرد.

رێژیم به زووترین کات هەوڵی کۆنترۆڵی هێڵەکانی ئێنترنێت و تەلەفوونی دا، تاکوو ئەم ناڕە‌زایەتییانه دەنگدانەوەیان نەبێت و نەگەنه شارەکانی دیکه. زیاتر له سەد کەس لەسەر ئەم ناڕە‌زایەتییانه دەستبەسەر کراون و نزیکەی ٣٥ کەس بریندار بوون. مستەفا هیجری دەڵێ، ئەم جۆره ناڕە‌زایەتییانه شتێکی نوێ نین و کورد له کوردستانی ئێران له هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تاکوو دژ به رێژیم ناڕە‌زایەتیی خویان دەربڕن.

کوردی ئێران هیواداره وڵاتانی رۆژئاوایی پشتگیریی بکەن. کورد له ئێران له ژێر گۆشار دایه و دەچەوسێتەوه و ئەمەش هۆکاری هەبوونی ناڕە‌‌زایەتیی زۆره لەلایەن خەڵکەوه وەک ئەوەی له مەهاباد رووی دا.

هیجری دەڵێ، دڵنیام ئەم جۆره ناڕە‌زایەتی و خۆپێشاندانانه نەک کەم نابنەوه بەڵکوو زیاتر دەبن. هەتا رێژیم زیاتر سەرکوت بکات، خەڵکیش زیاتر هان دەدرێن ناڕە‌زایەتی دەربڕن. هیجری به له نێوچوونی رێژیم خوش‌بینه و دەڵێ: وەک هەموو رێژیمه تۆتالێتێرەکانی دیکەی دنیا، ئەم رێژیمەش رۆژێک کۆتایی به دەسەڵاتی دێت.

نیو‌‌ەی خەڵکی ئێران فارس نین و سەر به نەتەوەکانی دیکەن. لەوانه نەتەوەی کورد که لانیکەم هەشت میلیۆن حەشیمەتیەتی. کورد سێیەمین نەتەوەی ئێرانن و له ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران، عێراق و تورکیه نیشتەجێن. کوردەکان به زیاتر له چل میلیۆن حەشیمەت، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵتی دنیان.

بەڵام ئەوه تەنیا کورد نیه کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوه دەچەوسێتەوه. هەڵاواردن و چە‌وسانەوه بەلووچ، ئازەری وعەرەب و تورکمەنەکانیش به شێوەی جۆراوجۆر دەگرێتەوه. یاسا و رێساکان بۆ کەمایەتییه ئێتنیکییەکانی ئێران له زۆر بواری فەرهەنگی و هەروەها زمانی زگماکیدا زۆر توندن. هەوڵدان بۆ به دەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین به توندی بەرپەرچ دەدرێتەوه و هەرچەشنه ناڕە‌زایەتییەک سەرکوت دەکرێت.

بارودۆخی ئێران بۆ خەڵکی ئەو وڵاته ترسناکه. هەرچەشنه ئازادییەک سەرکوت دەکرێت. تاکەکان ناتوانن بیروڕای خۆیان ئازادانه دەربڕن. کەمایەتییه ئێتنیکییەکان به توندی سەرکوت دەکرێن. هەر بۆیەش له زۆربەی ئەو هەرێمانەی کەمایەتییه ئێتنیکییەکانی لێ دەژین، ناڕە‌زایەتییەکان زیاترن. سیاسەتمەداری کورد، مستەفا هیجری دەڵێ: ویست و ئێرادە بۆ رووخاندنی رێژیم لای کەمە نەتەوەکان زۆر زیاتره. ئەو دژی رێککەوتنێکه لەگەڵ ئێران که ببێته هۆی به هێزبوونی رێژیم. هەر رێککەوتنێک رێژیم به هێز بکات، شانسی گۆڕینی ریژیم له ئێراندا کەم دەکاتەوه.

هیجری دەڵێ: رێژیم دەیهەوێت ئەم رێککەوتنه به ئامانج بگات تاکوو گەمارۆ ئابوورییەکانی لەسەر نەمێنن. ئابووریی ئێران له دۆخێکی زۆر خراب دایه و زەمینگیر بووه. بەڵام رێککەوتن لەگەڵ رۆژئاوا، دەبێته هۆی به هێزبوونی رێژیم بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی له ناوچەدا و پشتگیرییەکانی بۆ ئەسەد و حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی ناوچکە زیاتر دەکات. هە‌روەها دەبێته هۆی مانەوەی رێژیم و خەڵکی ئێران له گەیشتن به ئازادی، چەند هەنگاوێک دوورتر دەخاتەوه.هیجری هەروەها دەڵێ، بارودۆخی خراپی ئێستای مافی مرۆڤ زیاتر بەرەو خراپی دەچێت.

هیجری دەڵێ: ئایدیۆلۆژیی رێژیم به هەموو شێوەیەک له سیاسەتە‌کانیدا رە‌نگی داوەتەوه. سیاسەتی رێژیم دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر و پەرەپێدانی نائارمی له ناوچەکەدا و هەروەها سەرکوتی کەمایەتییەکان و هەموو ئەوانەی رخنەگری رێژیمن و وەک رێژیم بیر ناکەنەوه. رێککەوتن لەگەڵ رێژیم نەک هەر نابێته هۆکاری گۆڕانی ئەم سیاسەتانەی، بەڵکوو رێژیم بە هێزتر له ئێستا درێژە به سیاسەتەکانی دەدات.

له کاتێکدا که رێژیم له تاران بیر له پەرەپێدانی دەسەڵات له ناوچەکەدا دەکاتەوه، ناڕە‌زایەتییەکانی مەهاباد نیشاندەری ئەوەن که رێژیم سەقامگیرییەکی سیاسیی ئەوتۆی له نێوخۆدا نییه. له نێو خەڵکی ئێراندا رق و قینی زۆر بەرانبەر به رێژیم هەیه و هەر بۆیەش هەر چەشنه ناڕە‌زایەتی دەربڕین و خوپێشاندانێک دەتوانێ زەبر له رێژیم بدات. به وتەی لێکۆڵەری سیاسی جاناتان سپەیر، به هۆی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی رێژیم له هەموو ناوچەدا، هێزێکی کەمتر له نێو ئێراندا بۆ سەرکوتکردن ماوەتەوه.

هەر لەم بارەوه عەلی ئالفۆنه پسپۆڕ له بواری ئێراندا دەڵێ: سەرهەڵدانەکان به مەبەستی جیابوونەوه له ئێران و شەڕی ئێران و عێراق و به کارهێنانی تیرۆر توانیی دەسەڵاتی رێژیم له ئێراندا زیاتر بکات. له ترسی ئەوەی بارودۆخی ئێرانیش وەک سووریەی لێ بێت و شەڕی نێوخۆیی ئێران بگرێتەوه، خەڵک دژ به رێژیم هەڵناستن، هەرچەند زۆرایەتیی خەڵک رێژیمی ئێرانی ناوێت. به وتەی ناوبراو، کێشەکانی ئەو هەرێمانەی که کەمایەتییه ئێتنیکییەکانی لێ دەژین، زیاتر کێشەی ئابوورین. ئەو دەڵێ: سیاسەتی ئێران زیاتر تەمەرکوزی له سەر تارانه. پارە‌ی نەوتی ئێران زیاتر لەوێ خەرج دەکرێت. لەوێ هەموان ئێمکاناتی باشی پەرەوەدەیان بو دابین کراوه و له بواری کار و هەروەها خزمەتی تەندروستیدا تاران زۆر له پێشەوەیه. له کاتێکدا ناوچەکانی دوورەد‌‌ست ئێمکاناتیان زۆر کە‌متره. هەر چەشنه دەربڕینی ناڕەزایەتییەک له هەرێمەکانی کەمایەتییه ئێتنێکییەکاندا لەلایەن رێژیمەوه هەوڵدان بۆ جیابوونەوه له ئێران و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێت. له جێگای ئەوەی بارودۆخی ئابووری ئەو هەرێمانه باش بکەن، به هەر بیانوویەک سەرکوتیان دەکەن. ئەمەش دەبێته هەرچی زیاتر دروست بوونی مەودا له نێوان ناوەند و ناوچەکانی دوور لە ناوەند و کێشەی نێوان نەتەوەکان زیاتر دەکات.

مستەفا هیجری دەڵێ: تا دێت ناڕە‌زایەتیی خەڵک له رێژیم پەرە دەستێنێت. خەڵک دژی سیاسەتەکانی رێژیم له ناوچەن. دە‌ستێوەردانەکانی رێژیم له عێراق، سووریه، غەزه و لوبنان و یەمەن، دڵخوازی خەڵکی ئێران نین. خەڵک دەبینێت که به میلیۆن پارەی ئەو وڵاته دەنێردرێت بو وڵاتانی دەوروبەر، له کاتێکدا باری ئابووریی خەڵکی ئێران رۆژ به رۆژ خراپتر دەبێت.

هیجری ئاواتی به دێموکراسی بوونی ناوچەکەیه و هیواداره بۆ ئەم رەوته دەوڵەتی ئاڵمان یاریدەر بێت. ئەو دەڵێ: ئێمەی کورد سەلماندوومانه که دەتوانین پارتنێرێکی باش بین بو وڵاتانی رۆژئاوایی. له عێراقدا هاوئاهەنگیی زۆر باش له نێوان کورد و دەوڵەتی ئاڵماندا هەیه. ئەمه دەتوانێت له داهاتوودا لەگەڵ کوردی ئێرانیش هەبێت.

پێشمەرگەکانی کوردی ئێرانیش لەشەڕ دژ به دەوڵەتی ئیسلامی رۆلی خۆیان گێڕاوه.

کوردستانی ئێران دوای تورکیه، دووهەمین بەشی گەورەی کوردستانه و له ئێستادا کوردی ئەو بەشە له ژێر زیاترین چەوسانەوە دایه. هیجری دەڵێ: ئێمە پێویستمان به پشتگیرییه و به هیواین وڵاتانی رۆژئاوا و لەوانه ئاڵمان، پشتگیریمان بکەن. ئێمه هیوادارین که دەوڵەتی ئاڵمان بزووتنەوەی دێموکراسیخواز له ئێراندا و هەروەها پشتگیری لە خەباتی رە‌وای کورد لەو وڵاتدا بکات. ئاڵمان وڵاتێکی گەورەیه و له ئاستی نێونەتەوەییدا قورسایی خۆی هەیه. هیواداری له ناوچەکەی ئێمەشدا بۆ بەرەوپێشبردنی رە‌وتی دێموکراسی رۆلی بەرچاو ببینێت.