کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: هەڵسوکەوتی پ‌ک‌ک لە پاسدارانی ئێران دەچێ

22:17 - 6 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رۆژنامەی کەیهانی لەندەن لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا ئەنجام داوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەحمەد رەئفەت رۆژنامەنووسی فارس ئەو وتووێژەی ئەنجام و لە قاڵبی چەند پرسیاردا هەوڵی روونکردنەوەی رووداوەکەی کێلەشینی لە زاری مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبەوە داوە.

هیجری لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسدا سەبارەت بەوەی کە چ شتێک لە قەندیل رووی داوە، دەڵێ: سیاسەتی پ‌ک‌ک سیاسەتێکی پاوانخوازانەیە کە خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێ و پێی وایە کە تێکڕای چالاکییە سیاسی و نیزامییەکانی رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لەژێر چاودێریی خۆیدا بێ. لە کاتێکدا کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ویستوویانە بچنەوە ناوچە پێشیان پێ گرتوون و وتوویانە کە دەبێ رێبەریی پ‌ک‌ک ئیزنی هاتوچۆتان پێ بدا. پێشمەرگەی حیزبیش لە وەڵامدا وتوویانە ئێمە بۆ رۆیشتنەوە بۆ خاکی خۆمان ئیزن لە کەس وەرناگرین.

هیجری لە درێژەدا وتوویەتی: پێشمەرگەکانی حیزب نزیک بە ١٠ هەتا ١٥ رۆژ ویستوویانە لە رێگەی دانووستانەوە ئەو مەسەلە چارەسەر بکەن، بەڵام بە داخەوە ئەوان لەسەر داواکەی خۆیان سوور بوون و لە ئەنجامدا پێشمەرگەکان کراونەتە نیشانەی تەقەی هێزەکانی پ‌ک‌ک.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەڵامی پرسیاری ئیدیعای پ‌ک‌ک لەمەڕ مانەوەی حیزب لە چیای قەندیل و نەڕۆیشتنەوە بۆ خاکی ئێران، وێڕای ئاماژە بە ساختە بوونی تێکڕای تۆمەتەکانی پ‌ک‌ک دەڵێت: بۆ پاساوهێنانەوەی کردەوەی نەشیاویان ئەو شتانە دێننە گۆڕێ. لە هەر حاڵدا پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەر ئامانجێک کە بیهەوێ بچێتەوە خاکی کوردستانی ئێران، خاکی خۆیانە و لەم بارەوە خۆمان بڕیار دەدەین کە بمانهەوێ جووڵەیەک ئەنجام بدەین. هێزەکانی پ‌ک‌ک سنووروانانی ئێران نین کە کۆنترۆڵ و ئەمنیەتی سنوورەکانی ئێرانیان لە ئەستۆدا بێت هەتا وێنای ئەوە بکەن کە ئامانجی پێشمەرگەی حیزب بۆ رۆیشتنەوە چییە.

هیجری وتیشی: بە داخەوە ئەوانە کە وەکوو پاسداران و سنووروانەکانی ئێران هەڵسوکەوت دەکەن و لەلایەن ئێرانەوە بەهێز دەکرێن، مەسەلەیەکە. چونکە خەڵکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان گوشاریان خستووەتە سەریان و ئەو کردەوەی پ‌ک‌ک‌یان مەحکووم کردووە، لەمەڕ پاساوی کردەوە ناشایەستەیان ئەو تۆمەتانە دەدەنە پاڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات.

کەیهانی لەندەن لە بارەی سیاسیەتی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر مەسەلەی پ‌ک‌ک دەپرسێت، هیجری لە وەڵامدا وێڕای ئاماژە بە چارەسەریی ئەو پرسە لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە، دەڵێ: ئێمە داوامان لە پارلمانی کوردستانی عیراق کردووە کە لەم پێوەندییەدا نێوبژیوانی بکات و داوامان لە دۆستانی هاوبەشمان لەگەڵ پ‌ک‌ک کردووە هەتا لە رێگەی ئاشتییەوە ئەو مەسەلە چارەسەر بکەین.

مستەفا هیجری لە درێژەدا دەڵێ: ئێمە هیوادارین ئەم هەوڵانە بگەنە ئەنجام و بە هیچ شێوەیەک درێژەدان بەم بارگرژییە ویستی ئێمە نییە. تەنانەت لە چەندین حاڵەتدا ئێمە گەریلاکانی پەکەکەمان دەستگیر و ئازاد کردووە، ئەمەش نیشانەی نیازپاکیی ئیمەیە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئەوەشی باس کردووە: پێشمەرگە رایگەیاندووە ئێمە نامانهەوێ شەڕ لەگەڵ ئێوە بکەین و تەنیا دەمانهەوێ بەشێوەی ئاشتیخوازانە ئەو مەسەلە چارەسەر بکەین و چیدیکە شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکاندا دروست نەبێ.