کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ملیشیا شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دژی هەڵوێستی عیبادین

11:59 - 18 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: پاش قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نیسبەت پێبەندبوون بە گەمارۆکانی ئامریکا، گرووپە شیعەکانی عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕایانگەیاندووە کە ئابلۆقەی سەر ئێران دەشکێنن.

ڕۆژێک پاش دەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ڕێژیمی تاران، گروپی "گردانهای سید الشهدا" ڕایانگەیاندووە: "بە مەبەستی شکاندنی ئەو ئابلۆقەیە کە لە لایەن ئامریکاوە خراوەتە سەر ئێران، دەست بە چالاکی دەکەن".

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەو گروپە ڕەخنەیان لە هەڵوێستی حەیدەر عیبادی گرتووە و ڕایانگەیاندووە: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەبوایە، حەیدەر عیبادی ئێستا لەو پۆستەدا نەدەبوو .... ئێستا عێراق لەسەری فەرزە تا ئەو قەرزەی ئێران بداتەوە".

عیبادی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی لە پرێسکۆنفراسێکدا باسی لەوە کردبوو، کە وڵاتەکەی پێبەندی گەمارۆکانی ئامریکا دەبێت و بەرژەوەندییە جیهانییەکانی عێراق ناخاتە مەترسییەوە.

لەوبارەوە حەسەن سالم، بەرپرسی کۆتلەی سادقوون، کە نوێنەرایەتی "عصائب اهل الحق" لە پارلەمانی عێراق دەکات، لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئاماژەدان بە یارمەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ملیشیا شیعەکانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاندووە: "دەوڵەتی عێراق قەرزداری ڕێژیمی ئێرانە و کاتی ئەوە هاتووە کە وڵامی ئەو هەموو چاکەیە بداتەوە".

شایانی ئاماژە پێکردنە کە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کە لە ڕێگای هەندێک گروپ و ملیشیای سەر بە خۆی، کۆنترۆڵی سەربازی و هەروەها دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق بە دەستەوە بگرێت.