کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی جەللاد

22:28 - 16 جۆزەردان 2716

کەریم پەرویزی

ڕۆژی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە بڵینگۆکانی مزگەوت و قوتابخانە و حوسەینیە و شوێنە گشتیەکانی دیکەوە، ڕایانگەیاند کە خومەینی مردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بەو شێوازە خەمگینەوە کە ڕێژیم باسی دەکرد و لە نێو لایەنگران و گۆپاڵ بەدەستانیاندا جێگای پەژارە بوو بۆیان، بەڵام لە دڵی خەڵکی ئێران بەگشتی و نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ئێراندا شایی و خۆشییەکی فراوانی دروست کردبوو.

ئەوکات کە لەناکاودا هەواڵێک بڵاو بۆوە کە دڕندەیەک لەکۆڵی گەلانی ئێران بۆتەوە، بە میلیۆنان خەڵک هەناسەیەکی ئاسوودەیان کێشا و بە میلیۆنان دل سووکناییان پێدا هات.

مردنی خومەینی، هەرچەند ڕێژیم پڕوپاگەندەی زۆری پێوە دەکرد و لە تەلەویزیۆنەکانیەوە نیشانیان دا کە بە سەدان هەزار کەس لە سەر شوێنی ناشتنەکەی کۆببونەوە و داخدار بوون، بەڵام بە میلیۆنان خەڵک لە بەردەم تەلەویزیۆنەکانیان دانیشتبوون و چاوەڕێ بوون کە بە چاوی خۆیان ببینن کە جەللادێک چاڵ دەکرێت و شەڕ و ماڵوێرانی و نەگبەتی لەسەر خەڵکانی ئێران کەم دەبێتەوە.

لە نێو خەڵک و نەتەوەکانی دنیادا، کەسانی لەو بابەتە زۆرن کە بە ڕۆژان و مانگان و ساڵان خەڵک دەستەودۆعا و نزا ڕادەوەستن کە بەشکوو بەڵای لەسەریان کەم بێتەوە.

خومەینی، ئەو دێوەزمەیەی نەهامەتی و دڕندەییە بوو، کە گیانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە و نەتەوەکانی ئێرانی لێیان ئەستاندبوو و گیانی سەدان هەزاری دیکەی فیدای نەخۆشییە دەروونییەکانی کردبوو، کە دەیگوت: شەڕ نێعمەتێکی ئیلاهیە.

سەدان هەزار کوژراو و بە میلیۆنان ئاوارە و دەربەدەر و میلیۆنان کەسی بێلانە و خانە کراو، وێرانبوونی سەروبنی سیستمی ژیانی وڵات و سووکایەتی بە سەرتاپای کەرامەت و شوناسی نەتەوەکانی ئێران، گۆشەیەکی بچووک لە بەرهەم و میراتەکانی خومەینی بوون کە وای لێ کردبوو ئەو خەڵکەی کە لە سەرەتادا خۆڵیان لە چاو کرابوو و بە شوێن وێنەکانی ئەو لە نێو مانگدا دەگەڕان، لەو ساڵانەی کۆتایی دەیەی شەستی هەتاویدا، دەمامکی دڕندەیەکی خوێنمژیان لە سیمای دزێوی خومەینی‌دا دەدیت.

هەرچەند خەڵک وایان دەزانی کە دوای مەرگی جەللاد، هەناسەیەکی خۆشی و ئاسوودەییان بە بەردا دێتەوە، بەڵام لە سەر هەمان کورسی و لە هەمان تیرە و تەبار، دێوەزمەیەکی دیکە دانیشت و هەمان ڕێچکەی خوێنڕێژی و ماڵوێرانیی گرتەبەر، کە ئێستا دوای ٢٧ ساڵ لەو میراتگرییە، نەک تەنیا ئێران، بەڵکوو سەرتاسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەست مەیلی سووتان و ماڵوێرانکردنی جەللادەکانی جەمارانەوە دەناڵێنن.

مەرگی جەللادێک ژیانی ئاسوودەی دابین نەکرد، بەڵکوو پێویستە ئەو تەخت و بەختەی کە جەللاد پەروەردە دەکات تێکەوە بپێچرێ.