کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود ڕۆستەمی: چیتر سیاسەت لە ئێران و ڕۆژهەڵات دوو گوتاری نابێت، بەڵکوو دەبێتە سێ گوتار کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی یەکێک لەو گوتارانە دەکات و بەشی فەرامۆشکراوی کۆمەڵگا، خۆی لەو گوتارەدا پێناسە دەکات

19:20 - 19 گەلاوێژ 2716

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەندییەدا لەگەل مەسعوود ڕۆستەمی لێکۆلەری سیاسی لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ـ فەلسەفەی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لە چی دایە و بۆ گرینگە؟

ئەم پرسیارە لە دوو سۆنگەوە دەکرێ شرۆڤە بکرێ: وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکرات و وەک چاودێر و شرۆڤەکارێک. بەو هۆیەوە کە پێوەندییەکی ڕێکخراوەییەم لەگەڵ حیزبدا نییە، لە سۆنگەی چاودێرێکی دەرەکی دەتوانم باس لەم قۆناغەی خەباتی حیزبی دێموکرات بکەم.

ئەوەی کە دەیبینم ئەم قۆناغەی خەباتی حیزبی دێموکرات لە سەر دوو بنەما داڕێژڕاوە: هێز و مەزووعییەت. یەکەمیان خۆی لە ئەمری سیاسی پێناسە دەکات و دووهەمیشیان لە سیاسەت. بەو هۆیەوە کە سیاسەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا زانستی و عەقڵانی نییە بەڵکوو تەجرووۆبییە، ماوەی بیست ساڵ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بڕیارێکی هەڵەوە بە تەواو مانا تووشی داڕمان بوو. کێشەی سیاسەتی تەجرووبی لە بەرامبەر سیاسەتی زانستی و عەقڵانی لەوە دایە کە جیا لەوی ناتوانێ سیاسەت وەک دەقێکی کەلان بخوێنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا یا بە تەواوی توانستی چارەسەرکردنی فیدبەکی هەڵەکانی نییە، یا ئەوەی کە زۆر درەنگ لە بەرامبەر فیدەبەکەکاندا پەرچەکرداری شایست ئەنوێنێ.

ئەمە بە ڕوونی لە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوانەش حیزبی دێموکرات بە دی دەکرێ. بۆیە بیست ساڵ بزووتنەوەی ڕرۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات تاوانی سیاسەتی تەجرووبیدا تا بەو قەناعەتە گەیشت کە ناوەرۆک و ماهییەتی سیاسەت و ئەمری سیاسی لەگەڵ هەموو کایەکانیتری عەرسەی کۆمەڵگا جیاوازن. ئەمری سیاسی مێتا شوێن و زەمەنییە و ناوەرۆکەکەشی هێز - لە مانا گشتییەکەیدا- و ڕووبەڕووبوونەوەیە؛ لە بەرامبەردا ڕیاڵپۆلیتیک یان سیاسەتی واقعی بە پێی ئەمری سیاسی لە زەمەن و شوێن پێناسە دەکرێت. ئەگەرچی حیزبی دێموکرات دوای بیست ساڵ بە گرینگی هەندێ لە ڕەهەندەکانی ئەمری سیاسی گەیشتووە، وەلی ئەگەر سەیری کردار و سیاسەتەکانی داگیر بکەین ئەزانین ئەوان هەر لە سەرەتاوە بەرامبەر بە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەقەدا هەڵسوکەوتیان کردووە. ئامانجی ئەوان لە قۆناغی یەکەم نابوودکردنی جەستەیی(فیزیکی) سەرچاوەی هێز بوو، بەڵام کاتێ دیتیان ئەوەیان پێ ناکری، سیاسەتەکەیان بەرەو بێمەوزووعییەتکردنی خودی سەرچاوەی هێز گۆڕا. ئەوان لە هەموو ئامرازەکان کەڵکیان وەرگرت تا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور کەمپنشین بکەن کە هەڵبەت هەڵەی خودی سەرکردەکانی ئەو کاتەی حیزبەکان ڕۆڵی سەرەکی گێڕا.

پرسیارێک کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە: چۆن دەتوانی لە قەواعدی سیاسەت بەشدار بی لە کاتێکدا کردارەکانت لە دەرەوەی ئەو قەواعدە بێت؟ بە واتایەکیتر، ئایا دەکرێ بێ‌هێز بی بەڵام برۆیتە نێو قاعدە و کایەی هێزەوە؟ بیست ساڵ زەمەنی پێویست بوو تا حیزبی دێموکرات لەوە تێبگات و هەوڵ بدات سەر لە نوێ قەواعدی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکاتەوە. ڕەنگە زۆر زووتر لەمانەش حیزبی دێموکرات و باقی حیزبەکانیتری ڕۆژهەڵات ئاگا بووبێتنەوە لە هەڵەبوونی ئەو بڕیارە و ئاکامەکانی. بەڵام هەروا کە وتم کاتێ سیاسەت تەجرووبی بێ، دەربازبوون لە هەڵەکانیش کارێکی ئاسان نابێ. ئێستا حیزبی دێموکرات دوای بیست ساڵ بڕیاری داوە کە قۆناغێکی نوێ لە خەباتێک بە تایبەتمەندیگەلی ئەمری سیاسی دەست پێبکاتەوە. بە هۆی ئەوەیکە حیزبی دێموکرات - بە هەموو کەمووکۆڕییەکانەوە کە ئەبێ چارەسەریان بکات - پەنجەی خستۆووەتە سەر ئەمری سیاسی، دیترا کە چۆن لە ماوەیێکی کەم لە لایێکەوە فەشەلی بە سیاسەتی بێمەوزووعیەتکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لە لایەن داگیرکەرانەوە هێنا و لە لایێکیتریشەوە داگیرکەرانی تووڕە کردووە. چۆن ئەوان باش لە ئاکامەکانی ئەم قۆناغە نوێیەی خەباتی حیزبی دێموکرات تێگەشیتوون. بەڵام هەنگاوی دووهەمی ئەم قۆناغە زۆر گرینگترە کە ئەویش بریتییە لە بەهێزبوون.

حیزبی دێموکرات دەبێ خوێندنەوەی وردی بۆ هەموو ڕەهەندەکانی چۆنییەتی ئەم قۆناغە هەبێ. ئێستا کە حیزبی دێموکرات لەوە تێگەیشتووە مافی کورد تەنیا کاتێ لە ڕۆژهەڵات دێتە دی کە خاوەنی بزووتنەوەیێکی بەهێز بێت، پێویستە بۆ گەیشتن بەو قۆناغەش چاوکراوەتر هەنگاو هەڵبگرێ.

٢-کاریگەری خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لە سەر دیسکۆرسی سیاسی ڕێژیمی ئێران لە نێو خۆ و دەرەوەی وڵات چی دەبێت؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەتان با بە ڕەخنە لە خودی پرسیارەکەوە دەست پێ بکەم. ساڵەهای ساڵە وێژمان و ئەدەبیاتێکی سیاسی هەڵە، بە سەر خەباتی ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە. ئێمە بەردەوام باس لەوە دەکەین کە شەڕی ئێمەی کورد لەگەڵ فارس نییە بەڵکوو لەگەڵ ڕێژیمی سیاسییە! ئەم قسەیە لە موقەدەمە ڕاستە بەڵام نەتیجەکەی هەڵەیە. دروستە ئێمە لەگەڵ فارس وەک نەتەوە یان قەومێک کێشەمان نییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەو حکوومەتە هەڵقوڵاوی عەقڵانییەتی فارسیی بەرژەوەندییەکانییەتی. ئێمە نەمانزانیوە و نازانین کە ئەو ئەدەبیاتە سیاسییەی باس لە کێشەی کورد لەگەڵ حکوومەت دەکات نە عەقڵانییەت و بەرژەوەدنیی فارسی، نە تەنیا توانستی پێناسەی کێشە و پرسی ڕیاڵپۆلیتیکی وڵاتێ بە ناو ئێرانی نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتیشدا نابێتە هۆی گەشەی عەقڵی چ تاکی کورد و چ تاکی فارس. جیا لەوانەش، ئەم ئەدەبیاتە لە لایەن خودی حکوومەتەوە بە دژی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بە کار دەبردرێ. کاتێ ئێمە ئێژین کێشەمان لەگەڵ حکوومەتە، بە هەمان شێوە حکوومەتیش باس لەوە دەکات کە کێشەی ئێمە لەگەڵ کورد نییە بەڵکوو لەگەڵ تاقمێ تێرۆریستە! کە وایە خۆمان بە دەستی خۆمان، خەباتی نەتەوەیێک بۆ گەیشتن بە ئازادی بە هۆی ئادرەسی هەڵە لە سەرچاوە ناسی کێشە و پرس، دەکەین بە شەڕ لە نێوان دوو تاقم کە هیچ کامیان پێوەندیان بە سەرچاوەی پرس و کێشەکانەوە نییە! ئێوە لەم پرسیارەدا ڕێژیمی ئێرانتان لە عەقڵانییەت و بەرژەوەندی قەومێک بە ناوی فارس جودا کردووەتەوە. ئەم جۆرە ڕوانینە دەیان ساڵە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەی کورد دووبارە کراوەتەوە. بەڵام یەکجاریش لە خۆمان نەمان پرسیوە بۆچی دیکتاتۆرییەت لەم جوگرافیایە سەد ساڵ بە سەر تەمەنی تێپەڕیوە و بەردەوامیشە. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە وڵاتگەلێ کە لە چەندین قەوم و نەتەوە پێک نەهاتوون تەمەنیان کورت بووگە. بەڵام لە وڵاتگەلێ کە لە چەندین نەتەوە پێکهاتوون، بە هۆی ئەوەی کە حکوومەت بەرژەوەندی قەوم یان نەتەوەیێک دەپارێزێ و لە لایەن هەمان قەوم یان نەتەوەشەوە پشتیوانی دەکرێ، تووشی گۆڕانکاری نابن. ئەم قسەیەم لە ڕاستای هەمان پرسیاری ئێوە خاوەنی بەڵگەیە. دوای چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و داگیرکەر، بینرا ئەدەبیات و وێژمانی فارسی تارواگە، مەوازی بوو لەگەڵ ڕێژیم. بە ڕای من، فارسەکان هێشتا چاوەڕوانی هەنگاوەکانیتری ڕاسانن. هەرچەند هەر لەم ماوەیەدا شەمایێک لەو دیسکۆرسەمان بینی و پێم وایە ئەگەر حیزبی دێموکرات و باقی حیزبەکانیتری ڕۆژهەڵات یەکدەنگ بەرە و خەباتێکی بەربڵاو هەنگاو هەڵێنن، ئەوا ئەو گوتارە پڕڕەنگتر خۆی دەردەخات. بە گشتی پێم وایە گۆڕانکاریێکی ئەوتۆ بە سەر ئەدەبیات و وێژمانی خودی دەسەڵات نایێت، بەڵکوو درێژەی هەمان وێژمان دەبێت کە تا ئێستا هەبووە. لە بەرامبەردا ئەوە فارسی تاراوگەیە نوێنەرایەتیی گۆڕانیی دیسکۆرس لە دژی خەباتی ڕۆژهەڵات دەگرێتە ئەستۆ یان گرتوویەتە ئەستۆ. لەم زەمینەیەدا فارسی تاراوگە بۆ خەوشەدارکردنی خەبات لە ڕۆژهەڵات پەرە بە وێژمانێک دەدات کە خۆیان لەو وێژمانەدا بە نوێنەری ڕاستەقینەی مێتۆدی خەباتی دێموکراتیک پێناسە بکەن. سیاسەتی فارسی تاراوگە لەم نوێنەرایتەییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی قەومی فارس بریتییە لە: یەک کاسەکردنی کێشە و بەرژەوەندی ئەو خەڵکەی لە نێو جوگرافیایێک بە ناوی ئێران دەژێن؛ سڕینەوەی سیاسەتی شوناس تەوەر و جێنشینکردنی سیاسەتی تاک تەوەر؛ بە چالەنج کێشانی هەرجۆرە مێتۆدێکی خەباتی دێمۆکراسیخوازانەی دەرەوەی گوتاری خۆیان؛ کاناڵیزەکردنی ڕەوتی کۆمەڵگای کوردی بەرەو لای ڕێفۆرمخوازەکان؛ سڕینەوە هێماکانی کورد وەک ناوی پێشمەرگە و بەکارهێنانی دەستەواژەگەلێک وەک کەسانی چەکدار؛ ڕەوایی بەخشین بە سەرکوت لەژێر ناوی یاسای وڵات و مودیرییەتی زەینەکان. بۆیە هیچ لاریم نییە لەوەی کە بێژم ئێستا ڕۆڵی وێژمانی فارسی تاراوگە دژ بە خەباتی کورد، بەرجەستەترە لە وێژمانی خودی حکوومەت.

٣- ئایا دەسپێکردنەوەی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات تا چەندە دەتوانێت گۆڕانکاریی لە ئێران دا پێک بێنێت؟

چەمکی گۆڕانکاریی هێندە بەربڵاوە کە ناکرێ لێرەدا بە وردی شرۆڤەی بکەین. پێم وایە ئەم قۆناغە ئەگەر بە پلان و بەرنامەوە بێت، دەتوانێ لە زۆر بوارەوە کاریگەریێکی بەربڵاو بە دوای خۆیدا بێنێ. بەڵام پێم وایە گرنگترین کاریگەری، سەرهەڵدانی ڕەوت و وێژمانی سێهەم بێت لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ماوەی بیست ساڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببونە عەقەبەی ڕەوتی ڕێفۆمخوازیی کورد، کە ئەوانیش بۆخۆیان عەقەبەی رێفۆرمخوازی فارس بوون. لەم ماوەیەدا سیاسەت لە مانا گشتییەکەی دا لە رۆژهەڵات بە تەواوی لە مانا پووچەڵ ببووە.

رێفۆمرخوازی کورد هیچ وێنا و ئاسۆیێکی لە سیاسەت نەبوو، بەڵکوو خۆی دەخزاندە نێو جیهانبینی فارسەوە تا بەڵکوو لەو ڕێگایەوە مانایەک ببەخشێ بە پەرچەکردارەکانی. کارەسات لەوە دابوو کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش کەوتبوونە دوای ئەم بێ ماناییەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە بیست ساڵی ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین مێژووی هاوچەرخمان تووشی کەلێن و شکافی لەگەڵ ڕابردوو بووە. ئەم غیابەی حیزبەکان لە عەرسەی سیاسەت، فەزای بۆ دوو گوتاری ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەراهەم کردبوو. بەڵام بەشێک لە کۆمەڵگا کە ئامادە نەبوون بڕۆنە ناو ئەم دوو گوتارەوە، تووشی پەرێشانی و سەرلێشێواوی ببون. ئەم بەشەی کۆمەڵگا کە بەشی فەرامۆشکراوی کۆمەڵگا بوون، لە لایەکەوە نەدەچوونە نێو ئەو دوو گوتارەوە و لە لایەکیتریشەوە ڕەوت و حیزبێک نەبوو کە خۆیانی تێدا بدۆزنەوە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە جیاتی ئەوەی نوێنەرایەتی ئەم بەشەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بکەن، خۆیان ببوونە شوینکەوتەی گوتاری ڕێفۆرمخوازێ کە خۆی چاو لە دەستی فارسەکان بوو. بە رای من، ئێستا گرنگترین گۆڕانکاریێک کە ئەم قۆناخە بە دوای خۆیدا ئەیهێنێ ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات ئەتوانێ نوێنەرایەتی بەشی فەرامۆشکراوی کۆمەڵگا بکات. ئەمە یەک مانای هەیە: چیتر سیاسەت لە ئێران و ڕۆژهەڵات دوو گوتاری نابێت، بەڵکوو دەبێتە سێ گوتار کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی یەکێک لەو گوتارانە دەکات و بەشی فەرامۆشکراوی کۆمەڵگا خۆی لەو گوتارەدا پێناسە دەکات. جیا لەوەش ئەم سیاسەتەی حیزبی دێموکرات ئەتوانێ ببێتە ئۆلگوو بۆ نەتەوەگەلێک وەک عەرەب و بەلووچ.

٤ـ بە گشتی را و بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات چییە؟

بە ڕای من بڕیاری ڕاسانەوە، بڕیارێکی عەقڵانی بوو. پێم وایە بەشێکی زۆر لە هۆکارەکانی عەقڵانیبوونی ڕاسان لە وەڵامەکانی پێشتر ئاماژەی پێکرا؛ هەرچەند خۆم لە گوتاری هیچ حیزبێکی کوردیدا نابینمەوە، چونکە نە باوەڕم بە دێمۆکراسیخوازی هەیە و نەش بە فێدڕاڵیسم. بە ڕای من کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە و سیاسەتی داگیرکەریش مەعتووف بە خاکە نە مرۆڤ، لە کاتێدکدا کە دێمۆکراسی مەعتووف بە مرۆڤە. ئایا ئێنگلیس و فەرانسە کە لانکەی هەموو فەلسەفەکانی دێمۆکراسی و لیبراڵیسم بوون، باوەڕیان بە کەمترین مافی هێندی و ئەلجەزایرییەکان بوو؟ ئایا جگە بە شۆڕشێکی هەمە لایەنە ئامادە بوون ئەو وڵاتگەلە بە جێ بهێڵن؟ کاتێ لانکەی مەدەنییەت و دێمۆکراسی وا لەگەڵ سەرزەمینی داگیرکراو مامڵەی دەکرد، چۆن ئەتوانین چاوەڕوانی قبووڵی فێدراڵیسم لە عەقڵییەتێکی فاشیست بکەین کە دانیشتووی بیابانن و پرێستیژی نەتەوایەتی و خوشگەزارنی و سەرمایەیان هەموو لە دەرەوەی جوگرافیای خۆیانەوە دابین دەکرێ؟ نابێ وا تێبگەن کە ئەم دەستەواژەگەلە بۆ سوکایەتی بە فارس بە کار دەهێنم. مەبەستم پەنجە خستنەسەر گرینگی جوگرافیا و سیاسەتی داگیرکەرە. سی سەدە لەمەو پێش مۆنتۆسکیو باسی ڕۆڵی جوگرافیا و کاریگەرییەکانی لە سەر سیاسەت و کۆمەڵگا کردووە. بۆیە کاتێ ئێژم باوەڕم بە دێمۆکراسی نییە، مەبەستم ئەوە نییە کە خودی دێمۆکراسیم قبووڵ نییە، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کە دێمۆکراسی بەو مانایە کە ئێمەی کورد باسی دەکەین و خوازیارین ئێرانی داهاتوو وڵاتێکی فێدراڵی بێت، بە خەونێکی شاعرانەی دەزانم. بەوەشەوە ئەگەر بمهەوێ لە نێوان سیاسەت و بیر و بۆچوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، یەکێکیان وەک سیاسەتێکی باشتر و عەقڵانیتر هەڵبژێرم، ئەوا دەسپێکی ئەم قۆناخەی حیزبی دێموکرات لە هەموو بۆچوونەکانیتر بە باشتر و عەقڵانیتر دەزانم. ماوەی بیست ساڵ سیاسەتی کوردی دابەزیبووە ئاستێک کە گەورەترین کەڵکەڵەی ئەوە بووه ئایا هەڵبژرادن بایکوت بکات یا نە! بەڵام ئێستا کورد لە ڕۆژهەڵات دەتوانێ بۆ قۆناخی مێژووسازی بگەڕێتەوە. مێژووسازی بەو مانایە کە هاوکات کە ئەبێتە خاوەنی ڕابردوو، لە هەمان کاتدا ئەو ڕابردووەش ڕەوتی داهاتوو تەعیین بکات. نابێ ئەوە فەرامۆش بکەین کە لە دوای دامەزراندنی وڵاتی بە ناوی ئێران لە لایەن بەریتانیا و فەرانسا، تەنیا نەتەویەک کە لە نێو جوگرافیای ئەم وڵاتە دروسکراوە خاوەنی مێژووی هاوچەرخە، کورد بووگە. ئەوەی کە داگیرکەریش زیاتر لە هەر نەتەویێکیتر لە کورد دەترسێ، دەگەڕێتەوە بۆ هەمان مێژوو. سیاسەتی داگیرکەر بە هەموو لقوپۆوەکانییەوە، تووشیارکردنی کوردە بە فەرامۆشی مێژوویی. ئەو ڕەوتەی کە ئینگلیس توانی بۆ سکاتلەند جێ بە جێی بکات بەڵام بۆ ئیرلەند نەیتوانی. چونکە ئیرلەندییەکان ڕێگەیان نەدا مێژووەکەیان تووشی داپچڕان بێ. بۆیە سکاتلەند ئێستا خۆی بڕیاری کۆیلەیەتی خۆی دەدات، بەڵام ئیرلەندییەکان قەت نەبوونە کۆیلەی ئێنگلیسییەکان. هەرچەند بێگومان ئەم سیاسەتە تێچووی زۆریشی هەیە، بەڵام لە ئاکام دا کەسایەتی مێژوویی بە نەتەوەکەمان دەبەخشێ.