کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی دژی تێرۆریزم داوای گەمارۆی زیاتر بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان دەکات

12:05 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی دژی تێرۆریزم، کە سەر بە ئەرتەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە، داوای کردووە هەتا بەتەواوەتی گەمارۆیان بخرێتە سەر هەموو چالاکی و کاروبارەکانی حیزبوڵڵای لوبنانەوە.

ناوەندی دژی تێرۆریزم کە پێڕەوی لە سیاسەتەکانی ئەرتەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەکات، ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: "گەمارۆ خستنەسەر باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا بەس نییە و پێویستە هەتا بەتەواوەتی باڵی سەربازیی و سیاسیی ئەو گرووپە بخرێنە لیستەی گەمارۆوەکانەوە".

ئەو ناوەندە ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ، داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردبوو، کە وێڕای گەمارۆ خستنەسەر حیزبوڵڵای لوبنان، هەموو ئەندامان و بەرپرسانی سەربازیی و سیاسیی ئەو ڕێکخراوەیە بخرێنە لیستەی تێرۆرەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی زانیاریی ئامریکا و ئیسرائیل، ڕێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی و تەیار دەکرێت و وەکوو باڵی سپای قودسی ئێران، بە مەبەستی هێرشبردنە سەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، لە ناوچەکەدا چالاکی دەکات.

لە ڕاگەیەندراوی ناوەندی دژی تێرۆریزمدا، ئاماژەش بە دانیشتنی ئەم دواییانەی گرووپی هاوکاریی "بەڕێوەبردنی یاسا"، لە وڵاتی ئێکوادۆر، سەبارەت بە چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کراوە و لە وڵاتانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە داوای کردووە، هەتا بە دانانی ڕێوشوێنێکی تۆکمە دژ بە حیزبوڵڵای لوبنان و چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا چڕتر بکەنەوە.