کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران کۆ بوونەوە

12:03 - 17 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دوایین دۆخی سیاسیی کوردستان و ئێرانیان، لە دانیشتنێکدا تاوتوێ کرد و لەسەر چەندین خاڵی سیاسی بڕیاریان دا.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بارەگای ناوەندیی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لایەنە پێكهێنەرەكانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، هەشتەمین كۆبوونەوەی ئەو ناوەندە بەڕێوە چوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرەتا، سەید "كامیل نورانی فەرد"، بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. دواتر لە لایەن نوێنەرانی هێزە سیاسییەكانەوە، كاری ئەو ماوەیەی ناوەند خرایە بەرباس و لە پێداچوونەوە بە كارەكان خەت و بەرنامەی كاری داهاتوویان دیاری کرد و چەند خاڵێک بۆ باشتركردنی كارەكان پەسەند كران.

لە بڕگەیەکی دیکەی دەستووری كاری كۆبوونەوەدا، بۆنە و پێشهاتە سیاسییەكانی ڕۆژەڤی ئێران و كوردستان خرایە بەرباس و لەم بەشەدا لایەنەكان بە وردی بابەتی خۆپێشاندانەكانی شارەكانی ئێران، دۆخی قەیراناویی ئابووریی ئێران، سیاسەتی ئامریكا لە ئاست ڕێژیمی ئێران، كاریگەرییەكانی ئەو دۆخە نوێیە لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێرانیان هەڵسەنگاند.

لەو کۆبوونەوەیەدا بە پشبەستن بە گوتاری ڕووخان كە گوتاری ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانە، لەسەر نەمان و ڕۆیشتنی سیستەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگریی كرایەوە و هەموو پرۆژە و بەرنامە و بەدیلسازییەكانی تر بۆ ئەو گوتارە چ لە دەرەوە و چ لە نێوخۆدا ڕەت كرانەوە و پشتیوانی لە ویستی گۆڕانی بنەڕەتی و هاوخەباتی لەگەڵ ناڕازییان و خۆپیشاندەرانی سەرتاسەری ئێران بە ئەركی ناوەندی هاوكاریی زانرا.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەیدا پرۆژەی كۆدار و پەژاک كە لە ماوەی پێشوو بڵاویان كردەوە، بە پرۆژەیەكی ناواقعی و ناتەبا لەگەڵ ویست و داخوازیە نەتەوەییەکانی جوڵانەوەی گەلی كورد خوێندنەوەی بۆ كرا.

هەر لەو پێوەندەدا بە خوێندنەوەی دروستی دۆخ و هەلومەرجی كوردستان شرۆڤەی ئەرک و بەرنامەی كاریی كوردستان و جووڵانەوەكەی كرا و ئامادەیی و یەكڕیزیی جووڵانەوەی گەلەكەمان وەبیر هێندرایەوە.

لە درێژەی ئاڵوگۆری بیروڕا و قسەكردن لەسەر كارەكانی داهاتووی ناوەند، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ كە ساڵڕۆژی دەركردنی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی گەلی كورده، وەک ڕۆژی خۆڕاگریی نەتەوەیی و یەكێک لە لاپەڕە پڕشەرمەزارییەكانی دیكتاتۆریەتی تاران و پڕسەروەرییەكانی مێژووی خۆڕاگریی گەلەكەمان پێداگری لەسەر كرایەوە و هێندێک بەرنامە بۆ یادكردنەوەی ئەو بۆنەیە خرایە دەستووری كاری داهاتووی ناوەندی هاوكارییەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەر و باسی گرینگ و جێی بایەخی لایەنەكان قسەی لەسەر كرا و پێداگری لەسەر ئەسڵی پێكەوە كاركردن و لێكتێگەیشتن و سازانی گشتی كرایەوە.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران