کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: تاوانی كارەساتی بەردەم ترمیناڵی شاری سنە لە ئەستۆی ڕێژیمە

12:08 - 22 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دووهەم بانگەوازی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکەی شاری سنە بڵاو کردەوە و تێیدا چەند داواکارییەکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی بانگەوازەکەیان بەم چەشنەیە:

بانگەوازی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە بۆنەی رووداوی شاری سنە (ژمارە ٢)

سیاسەتی جیاوازیی و ناعەداڵەتی و بێ دەربەستی و خەمساردییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەئاست گەلی كورد لە ماوەی ساڵیانی دەسەڵاتداریەتی، بەردەوام نەهامەتی و كارەساتی بۆ میللەتەكەمان بەدواوە بووە و زامێك سارێژ نابێ، زامێكی قوڵتر جێگەی دەگرێتەوە .

روون و ئاشكرایە ئەو دسەڵاتە سیاسەتی ئێستای لە ئاست كوردستان درێژەدانی هەمان فەتوای خومەینی بۆ كوشتاری خەڵكی كوردستانە و لەرێگەی جۆراوجۆری وەك تێوەگلان لە ماددە هۆشبەرەكان و كوشتاری كۆڵبەران و وێرانی رێگاوبانەكانی كوردستان و ... سیاسەتی دژی گەلیانەی خۆی بەرەو پێش دەبات.

بە پێچەوانەی هێندێك دەنگ، ئێمە تاوانی كارەساتی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی بەردەم ترمیناڵی شاری سنە كە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 27 هاووڵاتی كورد دەخەینە پاڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و خەمساردییە بە ئەنقەستەكانی دەسەڵات و بێدەربەستییە بەردەوامەكانیان لەراست ویست و داوای خەڵك، کە بوونە هۆی روداوێكی لەم چەشنە هەژێنەر و دڵتەزێنە.

 قبوڵ كردنی ئەو رەوتە تەنیا بەردەوامی خەسارەت و كارەساتی زیاتری بەدواوە دەبێ و پێویستە باج و تێچووی هەڵە و بێ بەرپرسیارەتییەكانی دسەڵات لە كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامی قورس بكەین و نەهێڵین لەمە زیاتر كایە بە گیانی هاووڵاتیانی كورد بكرێ‌. هەر بۆیە پێویستە چیتر لەئاست ئەو بێ‌دەروەستییە بە ئەنقەستە مەرگهێنەرانە بێدەنگ نەبین و رق و بێزاری خۆمان بكەینە هاواری نارەزایەتی و بەرووی دیكتاتۆرانی دژی گەلیدا بیتەقێنینەوە.

ئێمە پێمانوایە بۆ ئەوەی كۆتایی یەكجاری بەو رووداوە هاوشێوە دووبارانە بهێندرێ پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و ئەو كارەساتە بكەینە هەوێنی جووڵانەوەیەك بۆ بنەبڕكردنی كەمتەرخەمییەكانی دەسەڵات لە رێگاوبانەكانی كوردستان.

بۆیە پێویستە لەو چوارچێوەیە، ئەو خاڵانە رەچاو بكرێ:

ــ رۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەری ١٣٩٧ بكەینە رۆژی ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری كوردستان.

ـــ پێویستە یەکێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان ویستی چاککردنی رێگاوبانەكان بێ و ئەو ویستە بكرێتە ویستێکی هەمیشە و بەردەوام

ـــ داوای ئازاد كردنی بێ مەرجی هەموو بەندكراوانی نارەزایەتی روداوەكەی ئاگركەوتنەوەی ترمیناڵی سنە بكرێ‌

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستان جارێكی تر پرسە و سەرەخۆشی لە خەڵكی كوردستان و خزم و كەس و كاری قوربانیان دەكات و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان دەخوازێ. داوا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین وەك چۆن لە كارەساتی رووداوی بوومەلەرزەی كرماشان هاوخەمی سەرانسەریی پیشان درا بەهەمان شێوە لە قوربانیانی كارەساتی تازەی كوردستان بە خاوەن دەركەوین و بە یەكریزی و یەكگرتوویی خۆمان پێش بە روداوی لەم چەشنە لە كوردستان بگرین.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٢١ی پووشپەری ١٣٩٧