کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران تارانی پێتەختیشی گرتەوە

11:53 - 12 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بە دژی ڕێژیم، کە نزیک بە یەک حەتوویە لە چەندین شاری ئێران سەریان هەڵدابوو، تارانیشی گرتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدئۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، ئێوارەی پێنجشەممە، ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان تارانیشیان لە خۆ گرتووە.

ناڕازییان لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان، لە هەمبەر باری نالەباری ئابووری و سیاسیی وڵات و ناکارامەیی ڕێژیم لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دروشم دژبەرانەیان وتووەتەوە.

وێنە و ڤیدئۆوەکان باس لەوە دەکەن، کە خۆپیشاندانەکان لە شەقامی وەلیعەسر بەرەو مەیدانی ئیمام حوسێن بەڕێوە چووە و تەنانەت خەڵک پەنایان بۆ ئاگرتێبەردانی زبڵدانی سەر شەقامەکان بردووە.

لەم گرتە ڤیدئۆیانە خەڵک دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" و "توپ، تانک فشفشە/ آخوند باید گم بشە"یان بەرز کردووەتەوە، کە لەگەڵ هێرش و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، هەروەها لە چەندین شار دیکەی ئێران وەکوو: ئیسفەهان، شیراز، گەوهەردەشتی کەرج، ئەراک، ساری، ڕەشت و مەشهەد ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی ئێران بە دژی سیاسەتە ئابووریی و ناوچەیییەکانی ڕێژیم سەریان هەڵداوە.

ترس و دڵەڕاوکێی ڕێژیم هەتا ڕادەیەکە کە نەتەنیا لە شارە فارسەکاندا حاڵەتێکی میلیتاریزەی داسەپاندووە، بەڵکوو بە هۆی بوونی هێزی پێشمەرگە و پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە، ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە سنووریی و شارە کوردنشینەکان دەگوازێتەوە.